کەشوهەوای رۆژانی جەژن چۆن دەبێ؟

رووداو دیجیتاڵ
 
هەینی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە؛ بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کەشوهەوا لە رۆژانی جەژندا ئاسایی دەبێت و پێشبینی خۆڵبارینیش ناکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی ئایاری 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە گشتی رۆژانی جەژن کەشوهەوا جێگیر و ئاسایی دەبێت، هیچ ئاماژەیەک بۆ خۆڵبارین و رەشەبا نییە، پێشبینیش ناکەین کەشی گەرمای بێزارکەر روو لە وڵات بکات."
 
هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "رۆژی هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت، ئەگەرێکی لاواز هەیە لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بڕێک بارانی کەم ببارێت بە هەورەتریشقەوە بەڵام بەگشتی ناوەندی شارەکان کەش ئاسایی ئەبێت."
 
بە گوتەی ئەو شارەزا کەشناسییە، "لە رۆژانی یەکەم تاوەکو سێیەمی جەژن، پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژانی پێشتر لە 1 بۆ 4 پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی با بە رێژەی 17 بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا."
 
27ی مانگی رابردوو، لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە، رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی وەکو یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاری کرد.