خالید شوانی لەبارەی مووچە لەگەڵ سوودانی و تەیف سامی قسە دەکات؛ 'سوودانی نەرمتر بوو'
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق تایبەت بە پرسی مووچە لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی ئەو وڵاتە قسە دەکات.
هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 8:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچووە و تێیدا باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە".
هەڵکەوت عەزیز باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی ئەو وڵاتە لەبارەی مووچە کرد.
ئامادەنەبوونی فوئاد حوسێن و بەنگین رێکانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەبوون.
فوئاد حوسێن و بەنگین رێکانی لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی عێراق وەزیرن. هەڵکەوت عەزیز گوتی، وەزیری دەرەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراق زانیویانە لە کۆبوونەوەکەدا باسی مووچە ناکرێ، بۆیە نەچوونەتە نێو کۆبوونەوەکە.
وەک هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، هەردوو وەزیرەکە هیچیان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق نەگوتبوو لەبارەی هۆکاری بەشداری نەکردنیان، بەڵام روونە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەتایبەتی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
سوودانی داوای چارەسەرێک دەکات
هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق تاکە وەزیری کورد بووە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە.
پەیامنێری رووداو باس لەوە دەکات: "دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ خالید شوانی قسەم کرد و ئەویش پێی گوتم کە دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و تەیف سامی بە جیا قسەی کردووە".
بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا گوتی، خالید شوانی پێی گوتووە: "بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقم گوت، چۆن دەکرێ بەم شێوەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە بکەن" و ئەویش گوتی: "من بە ژمارە قسە ئەکەم. هەرێمی کوردستان هیچ پارەیەکی لای ئێمە نەماوە".
هەڵكەوت عەزیز دەڵێت، خالید شوانی گوتی: "بە تەیف سامیم راگەیاند، ئایا گونجاوە 8 مانگ خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچ پارەیەکیان بۆ نەنێردرێ؟ وا دابنێ، ئەو ژمارانەی تۆ راستن، دەکرێ 8 مانگ خەڵکی هەرێمی کوردستان پارەیان بۆ نەنێردرێ و بێ مووچە بن؟" وەک هەڵکەوت عەزیز دەڵێ، خالید شوانی گوتی:" تەیف سامی پێی راگەیاندم، "با چاوەڕێی دادگەی فیدراڵی بکەین. ئەگەر بڕیارێک هەبوو کە پابەندم بکات بە ناردنی مووچە، ئەو کاتە منیش مووچە دەنێرم. ئەگەرنا، بەم شێوەیەی ئێستا ئامادە نیم مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرم".
هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، خالید شوانی باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیشی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کرد کە نەرمتر قسەی کردووە و رایگەیاندووە: "بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نیم کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێ. پێویستە بە زووترین کات دابنیشین و گفتوگۆ بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و بەرپرسیارێتی ئەم بابەتە بخرێتە ئەستۆی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان".
دانوستاندن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی
هەڵکەوت عەزیز باس لەوە دەکات، لەگەڵ بەرپرسێکی دیکەی باڵای عێراق قسەی کردووە و جەختی لەوە کردوەتەوە، پێویستە شاندێکی باڵا لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، ئەو بەرپرسە گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکرێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، ئەگەرنا لە رێگەی قسەکردنەوە لەگەڵ حکومەت ئەستەمە رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە".
هەڵکەوت عەزیز باس لەوە دەکات، ئەو بەرپرسە پێی راگەیاندووە، دەکرێ قسەکردن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاریگەری لەسەر بڕیاری دادگەی فیدراڵیش هەبێ، بۆیە "هەموو رێگەکان دەچنەوە لای چوارچێوەی هاوئاهەنگی".
لەبارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش جەژن، هەڵکەوت عەزیز گوتی: "نە هیوایەک هەیە و نە هیوایەک ما بۆ ناردنی مووچە پێش جەژن".