داعش مووچەی فەرمانبەران دەدات
رووداو-موسڵ
ئەو فەرمانبەرانەی لەناو موسڵ کاردەکەن، مووچەیان لەلایەن گرووپی داعشەوە پێدەدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە گرووپی داعش، کە ئێستا ناو شاری موسڵی کۆنترۆڵکردووە، مووچەی مانگی رابردووی بەسەر فەرمانبەرانی ناو شارەکەدا دابەشکردووە.
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا داعش شاری موسڵی لەدەست سوپای عێراق دەرهێنا، بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و داوای لە فەرمانبەران کرد بڕۆنەوە سەر دەوامی رۆژانەی خۆیان.
رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، کە پێشتر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ناسرابوو، لە چەند رۆژی رابردوودا “خەلافەتی ئیسلامی”ی لە بەشێکی عێراق و سووریا راگەیاندووە، کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو رێکخراوەدایە. ئەبوبەکر بەغدادیشی وەکو “خەلیفە”ی دەوڵەتە جاڕدراوەکەی ناساندووە. تاوەکو ئێستا هیچ دەوڵەتێک بەفەرمی دانی بەو “خەلافەت”ەدا نەناوە.