نووسینگەی سوودانی بۆ هاووڵاتییان: حیزبەکان بەناوی دامەزراندنەوە نەتانخەڵەتێنن
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێ: "تێبینی ئەوە کراوە کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هەوڵی راکێشانی سەرنجی هاووڵاتیان و فریودانیان دەدەن بەوەی کە گوایە دامەزراندن لەنێو حکومەتدا دەکرێت."
نووسینگەکە داوا لە هاووڵاتیان دەکات "رانەکێشرێنە نێو ئەو هەوڵانەوە کە مەبەست لێیان قۆستنەوەی هاووڵاتییانە بۆ مەبەست و بەرژەوەندی کەسی لە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "مادەی 14 لە یاسای بودجەی سێ ساڵە کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە، تێیدا هاتووە کە دامەزراندن و گرێبەست لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت راگیراوە."
لەو بارەیەوە عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر حیزبێک یان بەربژێرێک لە پێش و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دامەزراندن و گرێبەست بۆ هاووڵاتییان بدات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، بەگوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن بە بەڵێنی ناڕاست هەژمار دەکرێت و بکەرەکە سزای یاسایی دەدرێت."
عیماد جەمیل گوتیشی: "لە کاتی بەردەستبوونی بەڵگەی پێویست، سزای بکەرەکە دەدرێت کە سزاکەش لە پێبژاردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردن."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.