خۆپێشاندەران بە سێ بازگەی پشکنین دەگەنە پەرلەمانی عێراق
رووداو - بەغدا
بە دەیان هەمەری سەربازی لە دەوروبەری ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق جێگیرکراون. لە پەرلەمانی عێراق و دەوروبەری دۆخی ئەمنی جێگیرە و رێوشوێنی تووند گیراوەتەبەر، کەشی ئارامی ئەمنیی ناوچەکەش دەرفەتی رەخساندووە خەڵکی زیاتر بچنە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان.
تادێت ژمارەی خۆپێشاندەران زیاتر دەبێت و لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە روو لە دەوروبەری ناوچەی سەوز دەکەن.
شێخ موحسین مەنسووری، گوتارخوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوپاسی بێ پایان بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ هاوکاریی بەردەوامیان لەگەڵ خۆپێشاندەران، ئەوان لە خەڵک و بۆ خەڵکن و بێگومان ئەوانیش داوای چاکسازی دەکەن، سەماحەتی سەیدی فەرماندەش هەموو خۆپێشاندەرانی لە شوێنێک کۆکردەوە لەپێناو دوورخستنەوەی دووبەرەکی و ئەو کەسانەی لەو بوارە قسە دەکەن."
خۆپێشاندەران بە سێ بازگەی پشکنین دەگەنە دەوروبەری پەرلەمانی عێراق. باسم حوسێن، خۆپێشاندەر دەڵێت، "مامەڵەکردنیان زۆر زۆر باش بوو، وەکو ئەوە بوو کە ئێمە یەک کەسین، نەوەک وەکو ئەوەی ئەو سەرباز و ئێمەش هاونیشتمانیی ئاسایی، ئێمە و ئەوان گوزارشت بووین لە یەک لاشە."
جەعفەر ساعدی، خۆپێشاندەر ئاماژە بەوە دەکات، "هێزە ئەمنییە پاڵەوانەکان رۆڵێکی گەورەیان هەبوو و مامەڵەیان زۆر زۆر باش بوو، لەبەرئەوەی لە خەڵکن و بۆ خەڵکن. ئەوان پارێزەری وڵاتن و ئێمەش سوپاسیان دەکەین و دەستیان دەگوشین و دەڵێین، ئێوە پارێزەری ئەم وڵاتەن."
ئەندامانی سەرایە سەلامی باڵی سەربازیی سەدر ئەو خۆپێشاندەرانە دەپشکنن کە دەیانەوێت بچنە نێو ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق.
لەتیف مدێرێ، فەرماندە لە سەرایا سەلام باسی لەوە کرد، "لە خزمەت و پاراستنی ئەوانین. هەڵدەستین بە پشکنینی هەر شتێک بچێتە نێو ناوچەی سەوز لە ئۆتۆمبێل و کەرەستە و کەسەکان لەپێناو پاراستنیان و چاودێریی ئەو کەسانە دەکەین کە تێکدەرن و رادەستی لایەنی پەیوەندیداریان دەکەین."
بەپێی ئاماری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا، 3900 سەرباز و پۆلیس لە دەوروبەی ناوچەی سەوز بڵاوەیان پێکراوە و هێزی زیاتریشیان لە دەروازەکانی بەغدا و شەقامەکانی نزیک لە جادریە بڵاوەپێکردووە.