سکاڵایەکى دیکە دژى بڕیارى پاشەکەوتى مووچە پێشکێشی دادگەى باڵاى فیدراڵى کرا
رووداو دیجیتاڵ
سکاڵایەکى دیکە لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دژى بڕیارى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمار دەکرێت. سکاڵاکارەکە، کە سەرۆکى فراکسیۆنێکى پەرلەمانى عێراقە دەڵێت، "ئەو بڕیارە لە دژى چەند مادەیەکى دەستوورە."
بڕیارە 14ى ئابى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک بکات کە لە دژی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمار کراوە لە دژى بڕیارى ژمارە 61ى ساڵى 2020ى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن سعود ساعدى، سەرۆکى فراکسیۆنى حقوق لە پەرلەمانى عێراق تۆمار کراوە کە تێیدا داوای کردووە دادگەى باڵاى فیدراڵى ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت.
سعود ساعدى بە تۆڕى میدییایی رووداوى راگەیاند، "سکاڵاکەى پشتى بەستووە بە چەند بەڵگەیەک، لەوانە بڕیارەکە لە دژى ماددەکانى دوو، 14 و 16ى دەستوورە."
ئەو مادانە تایبەتن بە رێگرى لە دەرکردنى یاسایەک کە پێچەوانەى مافەکانى نێو دەستوور بێت، هەروەها نابێت هاووڵاتییان بێبەش بکرێن لە مافەکانیان.
سعود ساعدى ئاماژەى بەوەش دا کە بڕیارى پاشەکەوتنى مووچە دژ بە یاساى ژمارە 24ى ساڵى 2008ى پەرمانى عێراقە کە تایببەتە بە خشتەى مووچەى فەرمانبەران، گوتیشى، "دەرکردنى بڕیارێکى لەو جۆرە لە دەسەڵاتى پەرلەمانى کوردستانە نەک ئەنجوومەنى وەزیران."
ئەوەش لە کاتکێدایە کە 1ى ئاب دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە، کە لە دژى هەمان بڕیار تۆمار کرابوو. دادگەى باڵاى فیدراڵى لە خشتەى دانیشتەکانیدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەو سکاڵایەى رەتکردووەتەوە بەهۆى ئەوەى کە لە تایبەتمەندیى دادگەکە نییە وەکو ئەو داڕشتەیەى، کە لە سکاڵاکەدا هاتووە.
سکاڵاکارەکان بریتیبوون لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق و هەریەک لە ڤیان عەبدولعەزیز و وەزیرە ئەحمەد، ئەندامانى ئەو فراکسیۆنە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ؛ باسم خەشان، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق و رووناک عەبدولواحید، کە مامۆستایە و خوشکی شاسوار عەبدلواحیدە.