پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە وەزیرێک و بانگهێشتی دوو وەزیری دیکەش دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لەکۆبوونەوەى داهاتووى پەرلەمانى عێراق لێپرسینەوە لە وەزیرى پەروەردە دەکرێت و میواندارى هەردوو وەزیرى دارایی و ناوخۆش دەکرێت.
 
3ى ئابى 2023، دارا سێکانییانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: سەرۆکایەتیى پەرلەمان بڕیاریداوە کە لە کۆبوونەوەى داهاتوودا هەریەک لە عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆ و تەیف سامى، وەزیرى دارایی ئامادەى کۆبوونەوەى پەرلەمان بن، بۆ ئەوەى چەند پرسیارێکیان ئاڕاستە بکرێت کە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە تایبەت بە کاروبارى ئەو دوو وەزارەتە پێشکێشى کراون.
 
دارا سێکانییانى گوتیشى: "لە هەمان کۆبوونەوە لێپرسینەوە لە ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردە دەکرێت، لەسەر بنەماى کۆکردنەوەى واژۆ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ى ئابى 2023، پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە و بەگوێرەى راگەیێندراوێکى پەرلەمان، کۆبوونەوەکە بۆ 12ى ئاب هەڵگیراوە و لێپرسینەوە و میوانداریکردنى ئەو سێ وەزیرە لەو کۆبوونەوەیەدا دەبێت. 
 
نەجوە کاکەیی، ئەندامى لیژنەى پەروەردەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لێپرسینەوە لە وەزیرى پەروەردە لەسەر داواى پێنج پەرلەمانتارە کە چەند پرسیارێکیان هەیە و دەبێت ئەو وەزیرە وەڵامیان بداتەوە، بەڵام دۆسیەکان دیار نین."