کەشناسیی عێراق بۆ رووداو: چارەنووسی سەرۆکی دەستەکە بە بڕیاری لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەوە بەندە

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی سەرۆکی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەستبەکاربووە و گوتەبێژی دەستەکەش دەڵێت، وەزیری گواستنەوە لەسەر بنەمای راسپاردەی لیژنەکە بڕیاری کۆتایی دەدات.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە سێی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکە بە فەرمانی رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوە و بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزارەت پێکهێنراوە و سەردانی دەستەکەیانی کردووە، هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ فەرمانبەران کردووە و گوێی لە داواکارییەکانیان گرتووە.
 
عامر جابری روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا بە فەرمیی سەرۆکی دەستەکە لە پۆستەکەی دوورنەخراوەتەوە و تەنیا بۆ دیوانی وەزارەت گوێزراوەتەوە، تاوەکو لیژنەکە کارەکانی تەواو دەکات و راسپاردەکانی پێشکێشی وەزیر دەکات، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.
 
دوای ئەوەی فەرمانبەرانی دەستەی کەشناسیی عێراق بۆ ماوەی چەند رۆژێک دژی سەلمان سەدام بەهادلی، سەرۆکی دەستەکەیان، مانیانگرت، رۆژی 27ـی تەممووزی 2025، وەزیری گواستنەوە بڕیاری دا سەرۆکی دەستەکە بۆ دیوانی وەزارەت بگوێزێتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش لەسەر دۆسیەکەی پێکبهێنێت.