سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی کورد، عەرەب و تورکمانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق و پەرلەمانتارانى بازنەی کەرکووک لەبارەى دۆخى ئەو شارە کۆبوونەوە. پەرلەمانتارانى کورد داوایان کردووە لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەی بێلایەن بۆ رووداوەکانى کەرکووک پێکبهێندرێت و پشکى کورد لە بەرپرسیارێتییەکانى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک زیاد بکرێت.
3ـی ئەیلوولى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانى پشکى کەرکووک کۆبووەوە کە نوێنەرى سەرجەم پێکهاتەکانى ئەو شارەى تێدابوو.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان کە بەشداریى کۆبوونەکەی کردبوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە سەرۆکوەزیرانمان گوت فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک وەک پێویست کارى نەکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن و گرتنى رێگەکان، ئەگەرچى شەش رۆژ بەردەوام بووە، بەڵام نوێنەرى پێکهاتەکانى دیکە ستایشى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکیان کردووە."
سەباح حەبیب گوتیشى، "داوامان کرد کە لیژنەیەکى بێلایەنى لێکۆڵینەوەى وردبینیى راستییەکان لە رووداوەکانى کەرکووک پێکبهێندرێت، بەڵام سوودانى گوتى، 'لیژنەى لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە و دەستیان بەکارکردووە'."
لە 27ـی ئابی 2023ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
پەرلەمانتارەکەى کەرکووک رایگەیاند، داوایان لە سەرۆکوەزیران کردووە کورد و پێکهاتەکانى دیکە لە بەرپرسیارێتیى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک دابندرێت، کە ئێستا نیانە، بۆ ئەوەى بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسەکانى ئەو شارە دەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە 3ـى ئەیلوولى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەشێوەیەکى کاتى ئەو فەرمانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رابگرێت کە بۆ رادەستکردنەوەى ئەو بارەگایەى پارتى دەریکردووە.