ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریدا کێشەیەکى لەگەڵ کۆمپانیاى ئێکسۆن مۆبیل یەکلابکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا پاکتاوى کۆتایی لە کێشەى نێوان کۆمپانیاى ئێکسۆن مۆبیل و وەزارەتى نەوت بکرێت لەبارەى گرێبەستێکى نەوتى کۆمپانیاکە، هەروەها سەرجەم کەلوپەلە ئاسنە لەکارکەوتووەکانى وەزارەت و دامودەزگاکان بێبەرامبەر بدرێتە دەستەى پشەسازى.
3ـی ئەیلوولی 2023 باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراقى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا وردەکاریى بڕیارەکانى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیرانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە ناچارکردنى وەزارەت و دەستە و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، بۆ ئەوەى کانزا و چەک و کەرەستە سەربازییە لەکارکەتووەکان بێبەرامبەر بدەنە دەستەى پیشەسازیی جەنگى.
باسم عەوادى گوتیشى "راسپاردەى ئەنجوومەنى وەزارى وزە لەبارەى پاکتاوى کۆتایی لەگەڵ کۆمپانیاى ئێکسۆن مۆبیل پەسندکرا، بەشێوەیەک کە کۆمپانیاى نەوت پشت بە پاکتاوى کۆتایی ببەستێت لەنێوان کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبێل و کۆمپانیاى نەوتى بەسرە بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەکانى نێوانیان لەبارەى گرێبەستى خزمەتگوزارى لە کێڵگەى خۆرئاواى قەڕنە."
پێشخستنى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیران لەبرى رۆژى سێشەممە بەهۆى رێوڕەسمەکانی چلەى ئیمام حوسێن بووە کە شەشى ئەیلوولە.
گوتەبێژى حکومەتى عێراقى رایگەیاند، یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە ئەوە بووە، 25 کانوونى دووەمى هەموو ساڵێک وەک رۆژى یاسادانانى عێراقى دیاریبکرێت کە ساڵانە یاد بکرێتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ دەرچوونى یەکەم ژمارەى رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى لە ساڵى 1922ـدا.