عێراق 26 رێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ عومان واژۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە عومان، ژمارەیەک رێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە واژۆکرد، کە لە چەندین بواری جیاوازدان، لەوانە ئابووری، وزە، پەروەردە و گەشتوگوزار.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شەهاب بن تارق ئال سەعید، جێگری سەرۆکوەزیرانی عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە، دوو رێککەوتننامە و 24 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکران.
 
ئەو رێککەوتن و یاداشتانە چەندین بواری جیاواز لەخۆدەگرن، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "ئامانج لێیان پتەوکردنی هاوئاهەنگی و هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و عومانە."
 
وەک نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، واژۆکردنی ئەو رێککەوتننامە و یاداشتنامانە، "دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان شاندی هەردوو وڵات بوون."
 
ئەو رێککەوتننامە و یاداشتنامە لێکتێگەیشتنانەی واژۆکراون ئەمانەن:
 
- رێککەوتننامەی لێخۆشبوونی دوولایەنە لە ڤیزا، بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، تایبەت و خزمەتگوزاری.
- رێککەوتننامەی رێگریکردن لە باجی دوولایەنە و خۆدزینەوە لە باج.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری دادوەری و یاساییدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری گەشتوگوزاردا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بەڵگەنامەی مێژوویی و بەڕێوەبردنی ئەرشیڤ.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوئاهەنگی لە بوارەکانی گەنجان و وەرزشدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری نیشتەجێبوون و پلاندانانی شارستانیدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری پەروەردە و فێرکردندا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگی لە کەرتی بازاڕی سەرمایەگوزاری.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری گەیاندندا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری جێبەجێکردنی پرۆگرامی راهێنانی کارگێڕی و ئامادەکردنی سەرکردە.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوئاهەنگی لە بواری رادیۆ و تەلەڤیزیۆندا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری چاودێریی بانکی و سەقامگیریی داراییدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوئاهەنگی لە بواری وزەدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشەپێدانی هەناردەکردن.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری مافی خاوەندارێتیی هزریدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ئاڵوگۆڕی شارەزایی بۆ بەهێزکردنی کێبڕکێ و بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری پیشەسازیدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری نیشتیمانیکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بەندەر و لۆجستیات لەنێوان کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق و گرووپی ئەسیادی عومانی.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بەبازاڕکردنی نەوتی خاوی عێراق.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کۆگاکردنی نەوت.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بۆرسەدا.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی عومان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ دروستکردنی شارێکی زیرەک لە پارێزگای کەربەلا.