وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوای دەرخستەی پڕۆژەکانی 2026 دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوا لە وەزارەت و پارێزگاکان دەکات تاوەکو 14ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، پێشنیازی بودجەی وەبەرهێنانیان بۆ ساڵی 2026 ئاڕاستەی ئەو وەزارەتە بکەن بۆ تاوتوێکردنى.
 
ئەو داوایەى وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە نووسراوێکدا بووە کە 21ی ئەیلوولی 2025 بۆ وەزارەت و پارێزگاکانی عێراقى ناردووە.
 
بەگوێرەی نووسراوەکە، تاوتوێکردنی پێشنیازی بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەت و پارێزگاکان لە مانگی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت و 14ی تشرینی یەکەمی 2025 دوا وادە دەبێت بۆ ئەو تاوتوێکردنە.
 
داواکارییەکەی پلاندانان بۆ بودجەی 2026ی عێراق و جێگیرکردنی پڕۆژەکانی ئەو ساڵەیە.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانى پەرلەمانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "بەو پێیەی ساڵی 2025 خشتەی بودجە نەبووە، بۆ ساڵی 2026 کار بە خشتەی بودجەی 2024 دەکرێت و ئەگەر هەیە ساڵی داهاتوو بە هاوشێوەی 2025 یاسای بودجە نەبێت بەهۆی سەرقاڵبوون بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ."
 
لەو نووسراوەی وەزارەتی پلانداناندا، 9ی تشرینی یەکەم دیاریکراوە وەک دوا وادە بۆ ئامادەکردنی پێشنیازى بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگای کەرکووک، هەروەها نەینەوا دوایین پارێزگایە کە دەبێت تاوەکو 14ی تشرینی یەکەم پێشنیازی بودجەی وەبەرهێنانی ئامادە بکات.
 
سۆران عومەر گوتى، "بودجەی وەبەرهێنان کەم خەرج کراوە و کورتهێنانی بودجەی پێ پڕ کراوەتەوە."
 
بەگوێرەی خشتەی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی عێراق، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، تێکڕای خەرجی 64.2 ترلیۆن دینار بووە. خەرجی وەبەرهێنان 13 تریلیۆن و 61 ملیار و 882 ملیۆن و 307 هەزار دینار بووە، بەو پێیەی خەرجی وەبەرهێنان 20.3%ی تێکڕای خەرجییەکان بووە.