کێشەی راوچییەکان دەبرێتە دادگەی فیدراڵیی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەیەکی تایبەت بە راوکردن لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر ماددەیەکی "یاسای پاراستنی ئاژەڵان" تۆمار دەکات لەبارەی چۆنیەتی پێدانی مۆڵەتی راوی ئاژەڵی کێوی.
سکاڵاکە لەلایەن جاسم دلێمی، سەرۆکی کۆمەڵەی راوچییان و راهێنەرانی باز لە عێراق، لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە و داوا کراوە بڕگەیەکی ماددەی شەش لە یاساکە بە نادەستووری هەژمار بکرێت.
ئەو بڕگەیەی تانەی لێدراوە باس لەوە دەکات، یەکێک لە مەرجەکانی مۆڵەتی راوکردنی ئاژەڵی کێوی ئەوەیە، کە ناسنامەی کۆمەڵەی راوچییانی عێراقی هەبێت.
کۆمەڵەی راوچییانى عێراق کە لایەنى بەرپرسە لە پێدانى مۆڵەتى راوکردن لە ساڵی 1983 دامەزراوە و کۆمەڵەیەکی فەرمییە، لەکاتێکدا ئەو کۆمەڵەیەی لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای تۆمار کردووە وەک رێکخراوی مەدەنی مۆڵەتی وەرگرتووە.
موتڵەگ حاکم، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی راوچییانی عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو سکاڵایە بەهۆی ئەوەیە کە هەندێک رێکخراو هەن نایانەوێت وەرگرتنی مۆڵەتی راوکردن بە رێکارەکانی رێکخراوەکەماندا تێپەڕ بێت."
بەگوێرەی یاسای پاراستنی ئاژەڵان کە پەرلەمانی عێراق لە 2010 پەسندی کردووە، دەرهێنانی مۆڵەتی راوکردن پێویستی بە رسووماتی 250 هەزار دینارە و رسووماتی نوێکردنەوەی ساڵانەشی 100 هەزار دینارە.
موتڵەگ حاکم گوتی: "لە رێکخراوەکەمان لیژنەیەکی سێ کەسی خاوەن ئەزموون هەیە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسە دەکەن کە دەیەوێت مۆڵەتی راو وەربگرێت و لیژنەیەکی تایبەتمان هەیە بۆ چاودێریی راوکردن و رێنمای دان بەوەی کە چی راوێک رێگەپێدراو و کامیان رێگەپێدراو نییە."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق 10ی تشرینی یەکەمی 2025ى دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتن لەبارەی ئەو سکاڵایە.