بانگەشە لە 24 کاژێردا؛ 'یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر' لە سلێمانى، ئەرکێکى قورسى پارتى و هۆشداری لە حیزبوڵڵاوە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانى لە سلێمانى باسی چاڵێنجی "یەک ملیۆن دەنگ"ى پارتەکەى دەکات، کە بە گوتەى ئەو بەبێ دەنگدەرانى ئەو شارە "تامى نییە." مەسرور بارزانی ئەرکى پارتى بۆ قۆناخى داهاتوو بە "قورس" دەزانێت. سوودانى خۆى لە بەربژێرێکى لیستەکەى بەرى دەکات و کەتیبەکانى حیزبوڵڵاش ئەم هەڵبژاردنە بە ئاڵنگارییەکى قورس دەزانێت.
'بەبێ دەنگدەرانی سلێمانی، یەک ملیۆن دەنگ تامی نییە'
2ى تشرینى دووەم نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە سلێمانی بەربژێرانی حیزبەکەی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ناساند و گوتى، "بۆئەوەی سیستمی فیدراڵی دروست ببێت، دەبێت سێ هەنگاو بنرێن."
جێگری سەرۆکی پارتی داواى لە خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین کرد، دەرفەت بدەنە پارتی بۆئەوەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی روو لە پارێزگا و شارەکان بکات.
لە سەرەتای بانگەشەی پارتی لە بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی لە چەندین کۆبوونەوەی جەماوەریی حیزبەکەیدا داوای لە دەنگدەرانی پارتی کردووە، دەنگی حیزبەکە بگەیێننە یەک ملیۆن دەنگ، ئەمجارەش لە سلێمانی هەمان داوای لە دەنگدەران کردەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی، دەنگدەرانی بازنەی سلێمانیی بە بەشێکی گرنگ دانا لە کەمپەینی کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگ بۆ حیزبەکە و دەڵێت، "ئێوەش بەشێکی گرنگن لە کەمپەینی یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر بۆ لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان."
نێچیرڤان بارزانی باسی جۆش و خرۆشی لایەنگر و ئەندامانی پارتیی کرد لە بانگەشەی حیزبەکە لە سلێمانی و گوتی، "لێرەوە پەیامەکەم بۆ زیاتر لە ملیۆنێک دەنگە."
جێگری سەرۆکی پارتی ئامانجی حیزبەکەشی لە سلێمانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئێمە وەکو ناوچەی دەسەڵاتێکی سیاسی سەیری سلێمانی ناکەین، بەڵکو وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای دەکەین، پارتی ناوچەگەرێتیی لەبیرکردووە، ناوچەگەرێتی شوێنی نەماوە و نامێنێت، بۆ یەکەمجار پارتی ناوچەگەرێتیی نەهێشت و کوردستانبوونی چەسپاند."
مەسرور بارزانی: ئەمجارە ئەرکی پارتی قورسە
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2025 مەسرور بارزانی، جێگرى سەرۆکى پارتى بەشداریی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی بەربژێرانی لیستى پارتەکەى لە شارۆچکەی شەقڵاوە کرد.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، "ئەمجارە ئەرکی پارتی قورسە، تەنیا بەرگری لە مافی کوردستان ناکات، بەرگری لە هەموو مافخوراوەکانی عێراقیش دەکات." جەخت دەکاتەوە، تەنیا پارتی دەتوانێت مافەکان لە بەغدا وەربگرێتەوە.
مەسرور بارزانی گوتى، "پێویستە ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا بە شێوەیەکی کارا و بەیەکەوە بەشداری بکەین، چونکە بەڕاستی لە دووڕیانێکدا وەستاوین، یان ئەوەیە دەبێت رێگە بدەین ئاژاوە بەردەوام بێت، مافەکانمان پێشێل بکرێت و خەڵکێکی شۆڤێنی عێراق بەرەو دیکتاتۆریەت و مەرکەزییەت ببات. یان دەبێت ئێمە بە بەشداربوونێکی کارای ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەرگری لە مافەکانمان بکەین، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانمان بکەین، بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین، کە ئەمجارە لە بەغدا چیدی مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکرێت."
جێگری سەرۆکی پارتی باسی "پیلانی ناحەزان" دەکات و دەڵێت، "شانازی بەوە دەکەین، بەشێکین لەم جەماوەرە تێکۆشەرە کە هەمیشە رووبەڕووی ناحەزان بوونەتەوە. ئێوە ئەو جەماوەرە تێکۆشەرەن کە هەمیشە لە دژی پیلانگێڕیی ناحەزان وەستاونەتەوە. رێگەتان نەداوە پیلانی هیچ ناحەزێک دژی کوردستان سەربکەوێت؛ چونکە پارتی خاوەنی ئێوەیە و ئێوەش نەتانهێشتووە پیلانەکان سەربکەون."
مەسرور بارزانی هیچ حیزبێک بە رکابەری پارتی نازانێت لە هەڵبژاردن و دەڵێت، "راستە ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە، بەڵام گرنگە، چونکە ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان پارتی هیچ رکابەرێکی نەماوە، ئەمجارە دەبێت لە بەغدا بچین رکابەری بکەن. لایەنەکانی ناحەز هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتی دەدەن، هەمیشە هەوڵیان داوە پارتی سەرنەکەوێت و خەڵکی کوردستان بە ئامانجەکانی خۆی نەگات."
دەستەى ژینگە: پێویستبوو شوێنی تایبەت بە بانگەشە هەبێت
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانگەشە بە شێوازێکی "رێکوپێک" نەکراوە و هەموو شوێنێک کراوە بە وێنە و فلێکس، ئەمەش بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی بینینی خەڵک.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و بڕیارە رۆژی 08-11-2025 بانگەشە کۆتایی بێت.
سەنعان عەبدوڵڵا، رووداوی راگەیاند، "پێویست بوو هەندێک شوێنی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری بکرێن، نەک وەکو ئێستا سەوزایی، دار، ستوون و هەموو شوێنەکان بە بانگەشەی هەڵبژاردن داپۆشراون؛ ئەمە زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیێنێت، بەتایبەتی هەڵواسینی فلێکس لەسەر دارەکان دەبێتە هۆی وشکبوونی ئەو دارانە بە تێپەڕبوونی کات."
گوتەبێژی دەستەی ژینگە، شوێنی فلێکسەکان و بانگەشەی هەڵبژاردن بە "ناڕێکوپێک" ناودەبات و دەڵێت، "تیمی چاودێریمان هەیە و بەردەوام چاودێریی ئەو شوێنانە دەکەن. رۆژێک دوای هەڵبژاردن، بە هاوبەشی لەگەڵ شارەوانییەکان هەوڵدەدەین ژینگە پاکبکەینەوە و هەموو حیزب و بەربژێرەکان مانگێکیان لەبەردەستە تاوەکو فلێکسەکان و پاشماوەی بانگەشە هەڵبگرنەوە، بە پێچەوانەوە لادەبرێن و تێچووەکەی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت."
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتی، "بەهۆی بانگەشەکانەوە پیسبوونی ژینگەی بینینی خەڵك هەیە؛ پێویست بوو ئەو شوێنانەی بۆ رێکلام کە لەسەر شەقامەکان تەرخانکراون، بۆ بانگەشە بەکاربهێنرێن نەک بەم شێوەیە بانگەشە هەموو شوێنێک داپۆشێت."
41 هەزار کارتى دیکەى دەنگدان دەدرێتە هەرێمى کوردستان
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "3ی تشرینی دووەم، 41 هەزار کارتی دیکەی دەنگدان لە بەغداوە بدرێتەوە هەرێمی کوردستان."
جگە لەو 41 هەزار کارتەی بڕیارە سبەی بدرێنەوە هەرێمی کوردستان، پێشتر 413 هەزار کارتی دەنگدان درابوونەوە. نەبەرد عومەر رایگەیاند، "لەو ژمارەیە 25 هەزار کارت ماون و هێشتا خەڵک نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەیان، کە پێویستە پەلە بکەن."
رۆژى دەنگدان هاتووچۆ قەدەخە نییە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رۆژی هەڵبژاردن هاتووچۆ لە نێوخۆ و نێوان پارێزگاکانی عێراق، ئاسایی دەبێت و قەدەخە ناکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن رۆژی 2-11-2025، بە رووداوی گوت، "لە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ نابێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێت. هەروەها هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانیشدا نابێت."
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر زاری بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ، سەرۆکی تیمی راگەیاندن روونیکردەوە، "ئەو گرتە ڤیدیۆییە کۆنە و پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی ئەمجارەوە نییە."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، 320یان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.
کەتیبەکانى حیزبوڵڵا: ئەم هەڵبژاردنە ئاڵنگارییەکى گەورەیە
بەرپرسى ئەمنیی کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراقى رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عێراق "ئاڵنگارییەکى گەورەیە" و دۆخى عێراق بۆ دوو دەیە دیاری دەکات. لەبارەى پۆستى سەرۆکى خولى داهاتووى پەرلەمانیش دەڵێت: "کەسێکى نوێ ئەو پۆستە وەردەگرێت."
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە راگەیێندراوێکدا چەند داواکارییەکى لەبارەی هەڵبژاردن ئاراستەی لایەنگرانى کرد.
عەسکەری رایگەیاند، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێت و دۆخى عێراق دوو دەیەی داهاتوو دیاری دەکات". بەشداریکردنی کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی لە دەنگدان بە "باشترین کار ناودەبات بیکەن وەک وەفایەک بۆ خوێنی ئەبو مەهدی موهەندیس".
ئەبو عەلی عەسکەری رایگەیاند، پاڵپشتیی بزووتنەوەی حقوق دەکەن و داوا لە "کارمەندانی حەشدی شەعبی" دەکات دەنگیان پێبدەن و دادوەرانە مامەڵە بکەن لەنێوان سەرجەم بەربژێرەکان و کەسیان پێش ئەوى دیکە نەخەن.
بزووتنەوەی حقوق باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقییە و لە چەند پارێزگایەک لیستیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە.
لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەو بەرپرسەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا رایگەیاند، کەسێکی نوێ ئەو پۆستە وەردەگرێت و رێگە نادەین رووخسارەکانى پێشوو دووبارە ببنەوە.
90 وڵات و لایەنی دەرەکی بانگهێشت کراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن
حەسەن قەبس، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە رووداوی راگەیاند: "بانگهێشتنامە بۆ 90 وڵاتی عەرەبی و بیانی نێردراوە، لەوانەش باڵیۆزخانەکان و کۆنسوڵخانەکان و رێکخراوەکانی گرنگیدەر بە کاروباری هەڵبژاردن، بە ئامانجی بەشداریکردن لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو."
سەبارەت بە چاودێرانی نێوخۆیی، حەسەن قەبس روونیکردەوە کە "پێنجشەممەی رابردوو تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێرانی پارت و قەوارە سیاسییەکان لە وڵاتدا کۆتایی هات. ئێستا هیچ ئامارێکی کۆتایی لەبارەی ژمارەی چاودێرانی ناوخۆییەوە نییە و، کاتێک ژمارەکان تەواوبوو، وردبینیان بۆ دەکرێت و کارتی ناسینەوە دابەش دەکرێت و ژمارەی چاودێران رادەگەیێنرێت."
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، 31 هاوپەیمانی و 38 پارت و 75 بەربژێری سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
لیستەکەی سوودانی خۆی لە بەربژێرێک بەری کرد
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند خۆی لە حوسێن عەرەب، یەکێک لە بەربژێرەکانی، بەهۆی " تاوانی ساختەکارییەوە" بەری کردووە،هاوپەیمانییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە:" جێگەی ئەو کەسانە لەنێو ریزەکانی هاوپەیمانییەکە نابێتەوە یاسا پێشێل دەکەن.''
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات،حوسێن عەرەب لە ریزەکانی ئەو هاوپەیمانییە دوورخراوەتەوە
حوسێن سەعید کازم، ناسراو بە حوسێن عەرەب، لەسەر بازنەی پارێزگای بەغدا و بە ژمارە 17 لەنێو هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان خۆی بەربژێر کردبوو.
هاوپەیمانییەکە هەروەها رایگەیاند، "رێگە بە رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان دەدەین کاری خۆیان بکەن و هیچ شوێنێک بۆ یاساشکێن لەنێو ریزەکانماندا نییە."
رۆژی چوارشەممە، 29-10-2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە بڕیارێک ئەو بەربژێرەی بەهۆی ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندنەکەی، لە بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردن دوورخستەوە.
رۆژی شەممە، 1-11-2025، حوسێن عەرەب، جێگری سەرۆکی لیژنەی کار و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆمیسیۆن سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان تۆمار کرد، بە تۆمەتی بەکارهێنانی موڵک و دارایی دەوڵەت لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، داوادەکات سوودانی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دووربخرێتەوە.
98%ی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواو بوون
2ى تشرینى دووەمى 2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و رایگەیاند: "بە ئامادەبوونی UN، نوێنەرە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی روونکردنەوەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، تاوەکو رێکار و رێنوێنییەکانیان بۆ شی بکەینەوە."
نەبەرد عومەر، دەڵێت، "داوامان لێکردن، کە لە ئەمڕۆوە دەتوانن ناوی خۆیان وەکو چاودێری نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنەکان تۆمار بکەن، ئامێرەکانی هەڵبژاردنمان بۆ شیکردنەوە و پێمان ناساندن، هەروەها ئەو کێشە و گرفتانەی لە هەڵبژاردنی رابردوو هەبوون، بەتایبەتی کێشەی پەنجەمۆر، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەم کێشەیە لە رێگەی دانانی ئامێرێکی رووخسارخوێندنەوە چارەسەر کراوە."
لە 6ی ئەم مانگەوە، کۆمیسیۆن 1,500 قوتابخانە لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرێت. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان داوای لە هەموو هاووڵاتییان، هێزە ئەمنییەکان و لایەنەکان کرد پاکوخاوێنیی قوتابخانەکان، تەختە و رەحلەکان بپارێزن.
نەبەرد عومەر گوتی: "98%ـی ئامادەکارییەکان کراون، هەموو ئامێرەکان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە کۆگای پارێزگاکان پارێزراون، کاخەزی دەنگدان گەیشتووە، دوای وەرگرتنی قوتابخانەکان دەست بە گواستنەوەیان دەکەین."
موقتەدا سەدر لەبارەی پشتگیریکردنی لیستێکی هەڵبژاردن: درۆی گەندەڵکارانە، بایکۆت بەردەوامە
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هەڵوێستی لەبارەی دەنگۆی پشتگیریکردنی لە لیستێکی دیاریکراوی هەڵبژاردن راگەیاند و دەڵێت، "ئەمە خەیاڵپڵاوی و درۆیەکە کە گەندەڵکار و تێکدەر بڵاوی دەکەنەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی تایبەتیی موقتەدا سەدر، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. تێیدا سەدر سوپاسی ئەو هۆزانەی کردووە کە پشتگیرییان لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن کردووە و هەڵوێستەکەی بە "شەرەفمەندانە" وەسفکردووە.
هەروەها سوپاسی ئەو هۆزانەشی کردووە کە پشتگیرییان کردووە و گوتوویەتی، "خوا پاداشتیان بداتەوە، هەڵوێستێکی چاکسازییانەیە."
سەبارەت بە گردبوونەوەی سەرۆک هۆز و جووتیارانی هۆزەکان لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، سەدر رایگەیاندووە، "بەتەنیا ئاویان لەدەست نەداوە، بەداخەوە هەموو شتێکیان لەدەستداوە."
لەبارەی ئەو پەیجانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن سەدر پشتگیری لە لیستێکی دیاریکراو دەکات، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەمە خەیاڵپڵاوی و درۆیەکە کە گەندەڵکار و تێکدەر بڵاوی دەکەنەوە." هەروەها بابەتی کشانەوەی یەکێک لە بەربژێرەکانیشی بۆ نووسینگەی تایبەتیی خۆی جێهێشتووە.