تەیف سامی فەرمانە وەزارییەکەی لەبارەی مەسعود حەیدەر هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق، فەرمانە وەزارییەکەی پێشووی لەبارەی مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارتی دارایی عێراق هەڵوەشانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-12-2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پاڵپشت بە بڕیاری ئەمڕۆی دادگەی باڵای فیدراڵی، فەرمانە وەزارییەکەی پێشووی خۆی هەڵوەشاندەوە کە سەبارەت بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکانی مەسعود حەیدەر رۆستەم، بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت لە 30-11-2023 دەری کردبوو.
هاوکات ئەمڕۆ، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق فەرمانی بەپەلەی دەرکرد و بڕیاری کۆتاییهێنان بە شایستەی دارایی و دەسەڵاتی کارگێڕیی ئەو پۆستانەی کە لەدوای 30-11-2023 بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، راگرت.
دادگەکە حکومەت پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی مادەی 71ـی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ کۆتاییهێنان بە کاری پۆستە بەوەکالەتەکان، ئەوەش تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلایی دەبێتەوە کە لە دادگە بە ژمارە 223/ فیدراڵی/2023 تۆمارکراوە.
بەپێی مادەی 71ـی یاسای یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی 2023، 2024 و 2025 "حکومەت پابەندە کۆتایی بە بەڕێوەبردنی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بە وەکالەت بهێنێت تاوەکو 30-11-2023. ئەگەر ئەمانە دوای وادەی دیاریکراو بەردەوام بوون، پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران 30 رۆژ پێش وادەی دیاریکراو ناوی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و پلە تایبەتەکان ( ئەلف و با) و بریکار وەزارەت و راوێژکاران رەوانەی پەرلەمان بکات، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە ماوەی 30 رۆژ لە رۆژی رەوانەکردنی ناوەکان دەنگیان لەسەر بدات."
رۆژی شەممە، 02-12-2023 مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "بەپێی مادەی 71ـی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بەوەکالەتن و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەریان نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە و لە بەرواری 01-12-2023ـەوە ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و رێگەپێدانی ئەو پۆستانە بەکاربێنن."
کارەکانی مەسعود حەیدەر و چەندین بریکاری دیکە بەهۆی ئەو بڕیارەوە راگیرابوون. مەسعود حەیدەر گوتی، ئەوە "کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەرە بە هاوئاهەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان" و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمەش پابەندی یاساین."
دیارترین ئەو پۆستانەی لەلایەن کوردەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە پشکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانن.