تەمەنی وەرگرتن لە قوتابخانەکانی عێراق بۆ فێربوونی خێرا بەرزکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بڕیاری دا تەمەنی تۆمارکردن لە قوتابخانەکانی فێربوونی خێرا لە 18 ساڵەوە بۆ 22 ساڵ بەرزبکاتەوە. بڕیارەکەش لە وەرزی خوێندنی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە سێی کانوونی یەکەمی 2025، موئەیەد ئەلعوبەیدی، گوتەبێژی دەستەی جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری بەرزکردنەوەی تەمەنەکە دوای پەسندکردنی کۆنووسی کۆبوونەوەی وەزارەتی پەروەردە هات لەبارەی کەمپەینی (گەڕانەوە بۆ خوێندن)."
 
بە گوتەی ئەلعوبەیدی، بڕیارەکە لە ساڵی خوێندنی (2025 - 2026) جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی پرۆسەی خوێندنە لە قوتابخانەکانی فێربوونی خێرا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس سوودمەند بن و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری پشتگیری بکرێن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، زیاتر لە 490 قوتابخانەی فێربوونی خێرا لە عێراق هەن و تاوەکو ئێستا 39 هەزار قوتابی لە خزمەتگوزارییەکانیان سوودمەند بوون.
     
قەیس عەبد، جێگری بەڕێوەبەری نەهێشتنی نەخوێندەواری کەرکووک، بە رووداوی گوت، "لە پارێزگاکەمان 14 سەنتەری نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ خوێندنی کوردی، عەرەبی و تورکمانی هەن، کە تەمەنی وەرگرتن لە 12 بۆ 18 ساڵ بوو".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2025 رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق 15.31٪ و لە هەرێمی کوردستان 16.23٪یە.