بانکی رافیدەین یەک ملیار دیناری دیکەی بۆ دەستپێشخەریی پێشەنگی خەرجکرد

رووداو دیجیتاڵ

بانکی رافیدەین، 42ـەمین بەشی پارەی دەستپێشخەریی "پێشەنگی و نایابی"ـی بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان خەرجکرد. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بۆ سوومەندبوون لەو دەستپێشخەرییە نزیکەی 500 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
 
بڕی پارەی خەرجکراو بۆ ئەم بەشە، یەک ملیار دینارە و بەسەر 95 سوودمەنددا دابەش کراوە.
 
دەستپێشخەریی "پێشەنگی و نایابی" لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، رۆژی 4ی ئاداری 2023 راگەیێندرا، بۆ پشتیوانی و پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەی سوودی ئابوورییان هەیە.
 
حوسێن فلامەرز تاهیر، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پێشەنگی و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی پێشەنگی و نایابەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێشخەرییەکە لە ساڵی سێیەمی جێبەجێکردنیدایە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 50 ساڵانە.
 
بە گوتەی بانکەکە، خەرجکردنی ئەم بەشە پارەیە لە درێژەی ئەو هەوڵانەدایە، کە ئامانجیان دابینکردنی داراییە بۆ خاوەنکار و گەنجان لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی بانکی ناوەندیی عێراق. تاوەکو ئێستا 4,300 کەس لە دەستپێشخەرییەکە سوودمەند بوون و کۆی گشتیی پارەی بەخشراو گەیشتووەتە 55 ملیار و 941 ملیۆن دینار، ئەمەش "پابەندبوونی بانکەکە بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژە پێشەنگەکان نیشان دەدات، کە بەشدارن لە بنیاتنانی ئابووریی نیشتمانیدا."
 
دەستپێشخەرییەکە ئێستا بووەتە "بەڕێوەبەرایەتیی پێشەنگی و نایابەکان" و یەکێکە لە پێکهاتەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کە زیاتر لە 1400 راهێنەری هەیە و لە 828 هۆڵی راهێناندا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابەشبوونە. حوسێن فلامەرز تاهیر، بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بەڕێوەبەرییە.