بزووتنەوەی نوجەبا: ئەگەر مارک ساڤایا بێدەنگ نەکەن بەردێک دەخەینە قوڕگییەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق سەرکۆنەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی مارک ساڤایا، نێردەی سەرۆکی ئەمریکای بۆ عێراق کرد و رایگەیاند: "ئەگەر بێدەنگى نەکەن، موقاوەمەى ئیسلامى بەردێک دەخاتە قوڕگییەوە".
ئەو هەڵوێستەی ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەى نەجەبا لە راگەیێنراوێکدا بوو، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە.
ئەکرەم کەعبی لێدوانەکانی مارک ساڤایای بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق ناوبردووە.
29ی تشرینی دووەمی 2025، مارک ساڤایا بە رووداوی گوتبوو: "لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەگەمە عێراق و پەیامی تایبەتی سەرۆک ترەمپم پێیە بۆ سەرکردایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی گەورە لە عێراق بەڕێوەیە و لەمەودوا هەمووان لەجێگەی گوفتار، کردار دەبینن".
ساڤایا چەند جارێک بە تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق. بە تایبەتی ئەو گرووپانەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە.
ئەکرەم کەعبی دەڵێت: "ئەوە بزانن، ئەگەر بێدەنگی نەکەن، موقاوەمەی ئیسلامی بەردێک دەخاتە قوڕگییەوە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ گەورەکانى کە کردوویانە بە کۆیلە".
بزووتنەوەی نوجەبای عێراق یەکێک لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نێو حەشدی شەعبی و نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.