پاسەوانی سنووری عێراق رێگری لە دزەپێکردنی 37 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە رێگەی باڵۆنەوە کرد

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە پارێزگای ئەنبار و مەیسان رێگرییان کرد لە دزەپێکردنی زیاتر لە 37 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر بۆ ناو خاکی عێراق لە رێگەی باڵۆنەوە. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی بەرپرس لەو هێزە، ئەم ساڵ زیاتر لە نیو ملیۆن دەنکە حەبی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، کە هەوڵدراوە لەو رێگەیەوە بگوازرێتەوە.
 
پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵەی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025 بووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، یەکێک لە هەوڵەکانى دزەپێکردنى حەبى هۆشبەر لەلایەن لیوای شەشی هێزەکەیان لە سنووری پارێزگای ئەنبار پووچەڵکراوەتەوە.
 
هێزەکانی پاسەوانی سنوور رایگەیاند، ئەو باڵۆنە 98 کیسی حەبی هۆشبەری گواستووەتەوە کە هەر یەکێکیان هەزار دەنکی تێدابوو و 18 کیلۆگرام بووە، بەوپێیەی تێکڕای ئەو حەبانەی هەوڵدراوە بە قاچاخ ببرێنە سنووری ئەنبار 98 هەزار دەنک بوون.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی رایگەیاند: جۆری ئەو حەبە کاپتاگۆن بووە و لە نزیک سنووری سێگۆشەی عێراق- سووریا- ئوردن دەست بەسەر ئەو باڵۆنەدا گیراوە، 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەر ئەمڕۆ  پاسەوانى سنوور لە پارێزگاى مەیسان دەستى بەسەر  زیاتر لە 19 کیلۆگرامى دیکەى حەبى هۆشبەردا گرتووە، کە بەهەمانشێوە لە رێگەى باڵۆنەوە هەوڵدراوە دزەى پێ بکرێت.
 
ئەو باڵۆنە بە شێوەیەک ئاراستە دەکرێت لە شوێنێکی دیاریکراو بنیشێتەوە، تاوەکو بەربەستی پاسەوانی سنوور تێپەڕێنێت.
 
سەرچاوەکەی پاسەوانی سنوور رایگەیاند، پێشتر لە رێگەی وشکانییەوە ئەو جۆرە حەبە هۆشبەرە دزەی پێدەکرا خاکی عێراقەوە، بەڵام ئێستا سنوورەکان گیراون و رێگەی باڵۆن بەکاردەهێنرێت، کە تەنیا ئەمساڵ دەستیان بەسەر نیو ملیۆن دەنک حەبدا گرتووە، کە هەوڵدراوە بەو رێگەیە دزەی پێ بکرێتە نێو خاکی عێراقەوە.