راوێژکارێکى سوودانی بۆ رووداو: ئەگەر هەیە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر زیاتر سیاسی بێت

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆرى هەرێمى کوردستان ئەگەر هەیە "زیاتر سیاسی" بێت، وەک لەوەی پەیوەندیدار بێت بە بەرهەمهێنانەوە.
 
فەلاح عامری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووریی نەوت بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: "هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کاریگەریی زۆر نەبووە و ئەگەر هەیە زیاتر سیاسی بێت وەک لەوەی پەیوەندیدار بێت بە بەرهەمهێنانەوە".
 
شەوی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "گاز لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەیە و بۆردوومانکردنی کێڵگەیەکی بچووکی لەو جۆرە کاریگەریی کەمە".
 
یەدەگی سەلمێنراوی کێڵگەی کۆرمۆر 6.9 تریلیۆن پێ سێجا دەبێت، بەرهەمی ئێستای رۆژانەی گازی سرووشتی لەو کێڵگەیە 510 بۆ 520 ملیۆن پێ سێجایە.
 
27ی تشرینی دووەمی 2025 حکومەتی فیدراڵی لیژنەیەکی بە بەشداری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە.