پیشەسازییەکانی عێراق: هەناردەی ساڵانەمان 300 ملیۆن دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئێستا 40 هەزار کارگە و پڕۆژەی پیشەسازی لە عێراق کار دەکەن و ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار کەرەستە هەناردە دەکەن. ئاشکراشی دەکات، پلانێكیان داناوە لە دوو ساڵی داهاتوودا قەبارەی هەناردە بۆ سێ هێندە زیاد بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2025، عادل عەگاب، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە کۆی گشتی نزیکەی 67 هەزار کارگە و پڕۆژەی پیشەسازی لە عێراق هەن، بەڵام لەو ژمارەیە ئێستا "زیاتر لە 40 هەزاریان کار دەکەن" و ئەوانی دیکە لەکار کەوتوون.
بە گوتەی عادل عەگاب، ئەو پڕۆژانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕی کار هەبووە و "توانیویانە زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار هەلی کار بڕەخسێنن."
سەبارەت بەو کاڵایانەی لە عێراقەوە هەناردە دەکرێن، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکان گوتی: "داهاتی ساڵانەی ئەو بەرهەمانە سەرووی 300 ملیۆن دۆلارە."
ئەو کاڵایانە پێکدێن لە خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان، شەربەتی سرووشتی و بەرهەمهێنراو، خورما، مرەبا، تەحین، بسکویت، جۆرەکانی بەهارات، چپسی پەتاتە، بۆریی کشتوکاڵی، دەرگا و پەنجەرەی PVC، مافوور، کێبڵی کارەبایی و کاشی مۆزاییک.
عادل عەگاب ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ئەو پلانەی داڕێژراوە، دەیانەوێت لە ساڵی 2027 قەبارەی هەناردە بگەیێنینە یەک ملیار دۆلار و لە ساڵی 2028ـیشدا داهاتەکەی بگاتە سەرووی دوو ملیار دۆلار.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، عێراق چاوی لە کانزا سرووشتییەکانی ژێر زەوییە. سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکان دەڵێت: "پلانی ئێستامان کارکردنە لەسەر کانزاکانی خاکی وڵاتمان، کە بەدڵنیاییەوە توانای پیشەسازیمان دەگەیێنێتە ئاستێکی زۆر باڵا."
بەگوێرەی پلانی یەکێتییەکە، ئەو کانزایانەی دەکرێت پیشەسازیی گەورەیان تێدا بکرێت ئەمانەن:
لمی سیلیکا: لە دروستکردنی شێوازە جۆراوجۆرەکانی شووشە بەکاردەهێنرێت.
فۆسفات: لە دروستکردنی چەک، پزیشکی، خۆراک، ئالیکی ئاژەڵ و کشتوکاڵدا بەکاردەهێنرێت.
بەردی کڵس: لە کەرەستەی بیناسازی، لاستیک، کشتوکاڵ و پاککردنەوەی ئاو بەکاردەهێنرێت.
قوڕی کائۆلین: لە دروستکردنی کاخەز، لاستیک، بۆیاخ، پێداویستیی بیناسازی و دەرمان بەکاردەهێنرێت.