هێزە ئەمنییەکانی بابل درۆنێکی نەناسراو دەتەقێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە پارێزگای بابل هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر درۆنێکی نەناسراودا گرت و پاشان تەقاندیانەوە.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی هەواڵگری و دژە تیرۆر لە قەزای محاویل لە باکووری پارێزگای بابل، لەسەر رێگەی خێرای نێودەوڵەتی، دەستیان بەسەر ئەو درۆنەدا گرتووە. فەرماندەیی پۆلیسی بابلیش دەڵێت، هێزەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی درۆنەکەیان تەقاندەوە.
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی "گرووپەکانی سەر بە ئێران" بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر.
لە نوێترین هێرشدا، رۆژی سێشەممە، 02-01-2024، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 16:54 خولەکی ئێوارە درۆنێک کە لە لایەن "میلیشیا لەیاسا دەرچووەکانەوە" ئاراستە بنکەی سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشێکندرا و خرایە خوارەوە.
دوای هێرشەکە، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، "لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەززە دەیانکات، هێرشمان کردووەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپی چەکداریی شیعەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە. هەروەها زیاتر لە 50 جاریش هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار.