رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن پشتڕاستیکردەوە، هێرشەکەی ئەمڕۆی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە کراوەتە سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی، کە بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی، دوو کوژراو و حەوت برینداری لێکەوتەوە.
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024، کاژێر 11:50 بە کاتی هەولێر، لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا، دواتر بزووتنەوەی نوجەبا کوژرانی دوو فەرماندەی راگەیاند بە ناوەکانی ئەبوو تەقوا سەعیدی و یاریدەدەرەکەی بە ناوی ئەبوو ئیمتیحان کوژراون. ئەوە جگە لە برینداربوونی حەوتی دیکە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەو کەسە [ئەبوو تەقوا] چالاکانە بەشداربوو لە پلاندانان و هێرشکردنە سەر هێزەکانمان، ئێمەش هەمیشە گوتومانە کە مافی بەرگریکردن لە خۆمانمان هەیە و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان دەگرینەبەر". بەوە پشتڕاستیکردەوە ئەمریکییەکان لە پشتی هێرشەکەوە بوون.
لەوبارەیەوە، پات رایدەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانیەکەدا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند، "عێراق هاوبەشێکی بەنرخی ئێمەیە، ئێمە لە نزیکەوە کار لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین و بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر پەیوەندیمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەبووە لە بواری راهێنان و راوێژکاریی بۆ هەوڵەکانیان لە دژی تیرۆر، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان لە نزیکەوە".
هەروەها گوتی، "دەزانین کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە هاوکاریکردنی ئێمە لە هەندێک باردا بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن و هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئێمە ئەو هاوکارییانە زۆر دەنرخێنین".
لە هەمان رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر بانگهێشتی ئەوان لەوێن" میلەر هەروەها باسی لەوە کرد، کە پێویستە حکومەتی عێراق "لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکات کە بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا، جا ئەو لایەنانە هەر کێ بن."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە.
لە دوایین ئاماژەی هەڵچووندا، ئەمریکا لە هێرشێکی درۆنیدا فەرماندەیەکی دیاری حەشدی شەعبی لە بەغدا کوشت.
حکومەتی عێراق هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کردبوو.
بەرپرسێکی عێراقی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی رایگەیاندووە کە "درۆنێک بارەگای لۆجستیی حەشدی شەعبیی بەئامانجکرد،" و بووە هۆی "کوژرانی دوو ئەندام و برینداربوونی حەوتی دیکە."
سەرچاوەیەک لە حەشدەوە، کە ئەویش نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئامارەکانی بۆ فرانس پرێس پشتڕاستکردوونەتەوە و بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئەمریکا.
بزووتنەوەی نوجەبا، کە هێزێکی نێو حەشدی شەعبییە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "موشتاق تاڵب ساعدی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا کوژراوە."
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا زیادیانکردووە.