حەشدی شەعبی: هێرشەکەی ئەمریکا دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریى عێراق
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى گشتیی حەشدی شەعبی عێراق راگەیاند، ئامادەن بۆ جێبەجێکردنى هەر فەرمانێکى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و رۆڵەکانی.
دەشڵێت، "هێزەکانى ئەمریکا بە درۆن بارەگایەکى سەر بە حەشدی شەعبییان بۆردومان کردووە و ئەو کارە تاوانکارییە، دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریى عێراق و دەسەڵاتە ئەمنییەکانى کە سەر بە فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانە".
4ى کانوونى دووەمى 2024، دەستەى گشتى حەشدی شەعبی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "جەخت لە ئامادەییمان دەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنى هەر فەرمانێکى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەرى و یەکپارچەیی خاکى عێراق و رۆڵەکانى".
دەستەى حەشدی شەعبی ئاماژەى بەوەداوە کە هێزەکانى ئەمریکا بە درۆن بارەگایەکى سەر بە حەشدی شەعبییان بۆردوومان کردووە و دەڵێت، "ئەو کارە تاوانکارییە، دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریى عێراق و دەسەڵاتە ئەمنییەکانى کە سەر بە فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانن".
ئەو دەستەیە رایگەیاندووە کە هێرشەکە پێشهاتێکى بە مەبەست و "مەترسیدارە" و گوزارشتە لەسەر رژدیى ئاشکراى پێشێلکردنى سەروەریى و یاساى کارپێکراو لە عێراق.