سوودانی و شاندێکی کۆمپانیای شێڤرۆن چۆنێتى زیادکردنى داهاتى نەوت تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی کۆمپانیای شێڤرۆن بە سەرکردایەتیی جۆ کۆک، جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە کۆبوونەوە؛ باسیان لە بەهێزکردنی وەبەرهێنان و لابردنی بەربەستەکان و گونجاندنى گرێبەستەکان کرد بۆ زیادکردنى داهاتى نەوت.
ئەو کۆبوونەوەیە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026 لە بەغدا کرا.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە کارکردنی کۆمپانیاکە و دەرفەتی هاوکاری کراوە لە بواری نەوت و وزەدا، لەگەڵ بەهێزکردنی وەبەرهێنان و رەخساندنی ژینگەیەک بۆ وەبەرهێنان کە بتوانێت وەبەرهێنەر بۆ عێراق رابکێشێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەی باشترین هەنگاوەکان بۆ لابردنی بەربەستەکان و گونجاندنی گرێبەستەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدان بگونجێت کە حکومەتی عێراق کاری بۆ دەکات، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت زیاتر بکرێت و پڕۆسەی پاڵاوتن فراوانتر بێت.
دیارترین گرێبەستەکانی کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی لە عێراق، لە 19ی ئابی 2025 لەگەڵ وەزارەتی نەوت واژۆ کرا بۆ پەرەپێدان بە چوار کێڵگەی نەوتی لە پارێزگای زیقار.
محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی دا بە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای شێڤرۆن بۆ دۆزینەوەی باشترین وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی نیشتمانی و باشترین سوودوەرگرتن لە سامانی نەوتی.