رێژەى نوێی گومرگی سەر دەرمان، جیاوازى دەخاتە نێوان سەندیکای دەرمانسازانى عێراق و دەستەی گومرگ
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای دەرمانسازانی عێراق داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات گومرگی سەر دەرمان بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشووی، کە گوایە کراوەتە 10 ئەوەندە، بەڵام دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئەو رێژەیە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تەنیا گومرگى پێداویستى پزیشکى 1% زیاد کراوە.
ئەو هەڵوێستەی سەندیکای دەرمانسازان لە راگەیێنراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوی کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ زیادکردنی پێناسی گومرگی لەسەر دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و ئەو مادانەی بۆ پیشەسازیی دەرمان بەکاردەهێنرێن، گومرگی سەر هاوردەکردنیان کراوە بە 10 ئەوەندەی بڕی پێشوو، "ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی دەرمان و دابینکردنی لە بازاڕدا دەبێت و باری سەرشانی نەخۆشان و خێزانەکانیان قورس دەکات".
سەندیکاکە داوای لە سەرۆکوەزیران کردووە گومرگی سەر دەرمان و ئەو پێداویستییە پزیشکییانە بگەڕێنێتەوە بۆ بڕی پێشوو، کە گوایە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی بازاڕ و ئاسایشی دەرمان دەبێت.
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، زیادبوونی گومرگی سەر دەرمان بۆ دە ئەوەندەی بڕی پێشوو ورد نییە و پشتی بە بڕیارەکانی حکومەت نەبەستووە، ئەو رێکارانەی ئێستا جێبەجێ دەکرێن پەیوەستن بە یەکخستن و راستکردنەوەی رێژەی پێناسی گومرگی کە پێشتر بە جیاوازییەکی بێ پاساو پەیڕەو دەکران.
دەستەکە رایگەیاندووە کە کار بە رێژەی 0.0.5% دەکەن لە گومرگی سەر دەرمان و ئەو رێژەیە بەگوێرەی یاسایە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە، ئەوەی گۆڕانکاریی تێدا کراوە لە پێداویستیی پزیشکیدا بووە کە رێژەی گومرگەکەی لە 4% کراوەتە 5% و زیادبوونەکە 1% بووە، ئەو زیادبوونەش رێکارێکى نوێیە کە پەیڕەو دەکرێت و زیادبوونێکی نایاسایی نییە.