گرووپی مقاومە چوار خاڵ دەخاتە بەردەم حکومەتی نوێی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی مقاومە لە عێراق کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، چوار خاڵ دەخەنە بەردەم حکومەتی نوێی عێراق بۆ جێبەجێکردنی، لەوانە: پەسندکردنى یاسای خزمەتی حەشدی شەعبی و دەرکردنی هێزە بیانییەکان. هەروەها دەڵێن: "رەتی دەکەینەوە هیچ لایەنێکی دەرەکی باسی چەکی مقاومە بکات."
 
یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026، هاوئاهەنگیی مقاومەی عێراقی راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە بە ناوی گرووپە پێکهێنەرەکانی کە پێکهاتوون لە: کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانی کەربەلا، ئەنساروڵڵای ئەوفیا، بزووتنەوەی نوجەبا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا.
 
ئەو گرووپانە گوتارێکیان ئاڕاستەی حکومەتی داهاتووی عێراق کردووە کە تێیدا چوار خاڵیان دیاریکردووە بۆ ئەوەی بیکاتە پێشینەی کارەکانی.
 
لە خاڵەکانیدا هاتووە، "دەبێت حکومەت پێشینەی دەرکردنی یاساکانى؛ پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی بێت."
 
 ئەو پڕۆژەیاسایە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کێشرایەوە.
 
گرووپی مقاومە داوای کردووە بوونی هەموو هێزە بیانییە "داگیرکارەکان" لەناو خاکی عێراق نەمێنن و رێگری لە هەژموونیان بکرێت لە رووی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە.
 
یەکێک لە داواکارییەکانی دیکەیان تایبەتە بە پرسی چەکدارانی ئەو گرووپانە، تێیدا چەکی گرووپی مقاومەیان بە "پیرۆز" وەسفکردووە و رەتیان کردووەتەوە لەلایەن هیچ لایەنێکی دەرەکییەوە قسەی لەسەر بکرێت، تەنانەت ئامادە نین گفتوگۆ لەو بارەیەوە لەگەڵ حکومەتیش بکەن تاوەکو ئەو کاتەی سەروەریی تەواوی عێراق دەستەبەر دەبێت.
 
ئەو راگەیێنراوەی گرووپی مقاومە دوای ئەوە هات کە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، رۆژی یەکشەممە 4ی کانوونی دووەم رایگەیاندبوو کە پێویستە چەک لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و دامەزراوە شەرعییەکاندا نەمێنێت.