ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان: مالیکی و سوودانی بەربژێری شەرعیی سەرۆکوەزیرانن

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی بەربژێری "شەرعین" بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران وەک نوێنەری فراکسیۆنی سیاسی و، بڕوایان بەوەیە کە گەورەترین فراکسیۆنی نێو پێکهاتەیەک بەربژێری سەرەکیترین پێگەی سیاسی دیاری بکات.
 
یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026، فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بەربژێرانەی کە تاوەکو ئێستا خراونەتەروو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران وەک بەربژێرانێک کە شەرعیەتیان هەبێت، محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکین، بەوپێیەی بەربژێری فراکسیۆنی سیاسیی دیارن و ئەزموونیان هەیە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا و لە چاوەڕوانیی ئەوەدان کە یەکلاکردنەوەی کۆتایی لەسەر بنەمای سازانی ناوخۆیی بێت کە یەکڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بپارێزێت.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان 45 کورسیی بەدەستهێناوە، لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی 30 کورسیی لە خولی نوێی پەرلەماندا هەیە.
 
فیراس مەسلەماوی رایگەیاند: "گفتوگۆکان لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووحێکی ئەرێنی بەردەوامن و دوورن لە گرژیی سیاسی، هاوپەیمانییەتییەکە بڕوای بەوەیە کە ماف بە گەورەترین فراکسیۆن دەدرێت لەناو هەر پێکهاتەیەکی سیاسی بەربژێر بۆ پێگە سەرەکییەکان دیاری بکات، بەوپێیەی ئەو پرسە بەرکەوتەی دەستووری و سیاسییە."
 
یەکلاکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، دەبێت بەر لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بێت، بەوپێیەی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.