شەممەری هۆشداری لە راپەڕینێكی سەرتاسەری دەدات

رووداو- ئەنبار

شەممەری هۆشداری دەدات لە راپەڕینێكی سەرتاسەری پارێزگا سوننە نشینەكان و پێیوایەوە ئەوەی مالیكی باسی دەكات تەنیا بانگەشەیە.

د. عەبدولرەزاق شەممەری، بەرپرسی پەیوەندییەكانی خۆپێشاندەرانی پارێزگا سوننە نشینەكان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، سوپای عێراق لە چوار قۆڵەوە هەوڵیداوە  بەشەڕ بچێتە نێو شارۆچكەی فەللوجە، بەڵام چەكداران بەرپەرچیان داونەتەوە و پاشەكشەیان پێكردوون.

شەممەری دەڵێت، وێڕای گەمارۆدان و پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییەكان، هێزەكانی مالیكی بۆردومانەكانیان بۆ سەر شاری فەللوجە چڕتركردووەتەوە، هاوكات هۆشداری لە راپەڕینێكی سەرتاسەری پارێزگا سوننە نشینەكان دەدات كە ئەگەر بێت و سوپا بەهێز بچێتە نێو فەللوجەوە.

ئەو پێوایەوە ئەوەی مالیكی لە باری فەللوجە و رومادی باسی دەكات تەنیا بانگەشەیە و ئەگەر ئەو یارمەتی هۆزەكان بدات بە راستی، ئەوا بەهیچ شێوەیەك چەكدارانی رێكخراوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" ناتوانن لەو ناوچەیدا بوونیان هەبێ.

لە 21ی مانگی 12 دا بەمەبەستی راوەدوونانی گرووپە چەكدارەكان، پرۆسەیەكی سەربازی فراوان لە پارێزگای ئەنبار دەستیپێكردووە و زیاتر 35 رۆژيشە فەللوجە لەژێر كۆنتڕۆڵی چەكداران دایە.

چڕكردنەوەی بۆردوومانەكانی سوپای عێراق بۆ سەر فەللوجە دوای كۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی مالیكی دێت كە لە بەردەم هۆزەكان دانابوو بۆ دەرپەڕاندنی چەكدارەكان.