لە سەلاحەدین هیچ پۆستێکی سەرەکی بە کورد نەدرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە سەلاحەدین، پارێزگار و جێگرانی و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران و هیچ پۆستێکی سەرەکی بە کورد نەدرا. تاکە نوێنەرەکەی کورد لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "بەڵێندراوە بە پۆستی گرنگی دیکە قەرەبوو بکرێینەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، یاسین محەممەد عەلی جومعە، تاکە نوێنەری کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاربوو پۆستی جێگری دووەمی پارێزگای نەینەوا بە کورد بدرێت، بەڵام دواتر دۆخە گۆڕا و هیچ پۆستێکیان پێنەدرا، بەڵام بەڵێنمان پێدراوە بە پۆستی گرنگی دیکە قەرەبوو بکرێینەوە".
 
یاسین محەممەد عەلی گوتی، سێ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەن خراونەتە بەردەمیان کە یەکێکیان بۆ کورد بێت ئەوانیش: وەبەرهێنان، پەروەردە و تەندروستین، بەڵام داوای پۆستی زیاتریان کردووە لە ئیدارەی پارێزگاکەدا لەگەڵ ژمارەیەک پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا یەک ئەندامی کوردە، ئەویش یاسین محەممەد عەلی جومعەیە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
یاسین محەممەد عەلی، باسی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینی کرد و گوتی، لە دانیشتنەکەدا 10 ئەندام ئامادەبوون، عادل عەبدولسەلام سومێدەعی بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد حەسەن عەتییە، بە جێگیری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین هەڵبژێدران. ئەحمەد جبووری "ئەبومازن" تاکە بەربژێر بوو بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین و هەر 10 دەنگەکەی هێنا و بە پارێزگار هەڵبژێردرا، هەروەها ئەیمەن شوکر مەحموود، بە جێگری یەکەم و تاریق تۆفیق فەهد، بە جێگری دووەمی پارێزگار هەڵبژێردران.