مانگی رابردوو 15 بوومەلەرزە لە عێراق روویانداوە؛ 9 بوومەلەرزەیان لە باشووری کوردستان بوون
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو 15 بوومەلەرزە لە عێراق روویانداوە کە زۆرترینیان لە باشووری کوردستان بوون.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگی رابردوو 39 بوومەلەرزەیان تۆمارکردوون کە 15یان لەنێو هەرێمی کوردستان و عێراق روویانداوە و 22ـی دیکە لە نێو خاکی باکووری کوردستان و تورکیا، یەک بوومەلەرزە لە ئێران و بوومەلەرزەیەکیش لە سووریا روویداوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق باس لەوە دەکات، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1.9 و 4.2 بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترینیان لە سنووری هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان تۆمارکراون.
عامر جابری رایگەیاند، 9 بوومەلەرزەیان لە باشووری کوردستان روویانداوە بە جۆرێک کە 7یان لە دهۆک، لە هەولێر و زاخۆش یەکی بوومەلەرزەیەک هەبووە. ئەوەی کە پەیوەندی بە پارێزگاکانی عێراقەوە هەیە، دوو بوومەلەرزە لە نەینەوا، دوو بوومەلەرزە لە واست، بوومەلەرزەیەک لە سەلاحەدین و ئەوی دیکەش لە بەسرە روویداوە.
پەیوەندیدار بە هێزی ئەو بوومەلەرزانەی تۆمارکراون، 31 بوومەلەرزەیان گوڕەکەیان لەنێوان 2 بۆ 2.9 پلەی رێختەر بووە؛ 6 بوومەلەرزە لەنێوان 3 بۆ 3.9 پلە بووە؛ یەک بوومەلەرزە لەنێوان 4 بپ 4.9 پلە بووە؛ بوومەلەرزەکەی دیکەش لە خوار 2 پلەی رێختەرەوە بووە.
رۆژی 15ـی کانوونی دووەمی 2024، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا 311 بوومەلەرزەی تۆمار کردووە کە گوڕەکانیان لەنێوان 1 بۆ 5 پلە بە پێوەری رێختەر بووە؛ 67 لەو بوومەلەرزانە لە باشووری کوردستان بوون کە زۆرترینیان لە سلێمانی بوون.