ساڵى 2025 عێراق دەبێتە سەرۆکى گرووپى 77 پڵەس چین

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەوەی بڕیارە عێراق لە ساڵی 2025 ببێتە سەرۆکی گرووپی 77 پڵەس چین، هەروەها تاوتوێی چوونە نێو گرووپی بریکسیش دەکات کە وڵاتانی ئەندام لەو گرووپە، لە 20%ـی بازرگانیی جیهانیان بەدەستەوەیە.
 
زیاتر لە سێ هەزار و 800 کیلۆمەتر دوور لە بەغدا لە کامپالای پایتەختى ئۆگەندا لە نێوان 14 بۆ 22ـی کانوونى دووەم، دوو لووتکەى گرووپى 77 پڵەس چین و بزووتنەوەى وڵاتانى بێ لایەن بەڕێوەچوو. کوردێک سەرۆکایەتیى شاندى عێراقى لەو دوو لووتکەیەدا کرد و گوتارى پێشکێش کرد.
 
عومەر بەرزنجى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بۆ کاروبارى فرەلایەنى و یاسایی، کە نوێنەرایەتى عێراقى کرد، لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراقدا رایگەیاند، لە پەراوێزى ئەو دوو لوتکەیەدا لەگەڵ نوێنەرانى چەند وڵاتێک کۆبووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەشداریکردنە رۆڵى دەبێت و دەتوانێت پەیوەندى زیاتر دروست بکات. 
 
عومەر بەرزنجى گوتیشى، "لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى تەنزانیا لەبارەى ئەو قەرزانەى عێراق کۆبووەتەوە کە لاى ئەو وڵاتەن" و باسیان لە دانەوەی کردووە. 

 

 
گرووپى 77 لە ساڵى 1964 دامەزراوە؛ ناوەکەى بە ناوى 77 دەوڵەتى تازە گەشەسەندوو بوو کە ئەو کاتە واژۆیان لەسەر راگەیێندراوى هاوبەشیان کرد بۆ پێکهێنانى کە عێراق یەکێکیان بوو؛ دواتر ژمارەکە بەرە بەرە زیادیکرد بۆ 134 دەوڵەت. 
 
لە ساڵى 1996 چین چووە پاڵیان و کرایە گرووپى77 پڵەس چین کە لەو کاتەوە ئەمە سێیەم کۆنگرە بوو بەو ناوەوە بیبەستێت.
 
عومەر بەرزنجی رایگەیاند، ساڵى 2025، عێراق بۆ یەکەمجار سەرۆکایەتیى گرووپى 77 پڵەس چین وەردەگرێت. 
 
وڵاتانى ئەندامى گرووپى 77 پڵەس چین، دوو لەسەر سێى وڵاتانى ئەندامى نەتەوە یەکگرتووەکانن، 80%ـی دانیشتوانى جیهان لەو 134 وڵاتەن کە ئەندامى گرووپەکەن، 43%ـی ئابوورى جیهانیشیان بەدەستەوەیە. 
بریکارەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کە چوونى عێراق بۆ نێو گرووپى بریکسیش لە تاوتوێکردنایە و "عێراق نیازی هەیە بچێتە نێو ئەو گرووپەوە."
 
گرووپى بریکس لە ساڵى 2006 دامەزراوە؛ گرووپێکى جیهانییە و نۆ وڵات تیایدا ئەندامن و 20%ـی بازرگانیی جیهانیان بەدەستەوەیە.
 
وڵاتانى ئەندامى گرووپەکە پێکهاتوون لە چین، هیندستان، رووسیا، ئیمارات، ئێران، ئەسیوپیا، سعودیە، بەرازیل، ئەفریقای باشوور.