هاوپەیمانیی نەسر: تاوەکو ئێستا پرسی گۆڕینی مالیکی لە ئارادا نییە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، تاوەکو ئێستا باسی گۆڕینی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران نەکراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەمڕۆ یان سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە بۆ گوێگرتن لە راپۆرتی ئەو شاندەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو."
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی و ئەندامێتیی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر؛ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس و عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیش پرسی بەربژێرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی سەرەکی ئەوەیە "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار بگەنە رێککەوتن."
 
تاوەکو ئێستا هەردوو لایەن ناکۆکن؛ پارتی فوئاد حوسێن و یەکێتی نزار ئامێدییان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
 
سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان، ردێنی گوتی: "هەندێک نیشانەی ئەرێنی هەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەسەر کەسایەتییەکی نیشتمانی، یان ئەوەتا بە دوو بەربژێرەوە بچنە پەرلەمان و پرسەکە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران جێبهێڵدرێت." بەو پێیەش بێت، ئەگەری هەیە سیناریۆی ساڵی 2021 دووبارە ببێتەوە.
 
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران، دوای هەفتەیەک لە دیاریکردنی نووری مالیکی (75 ساڵ) بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو پۆستە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراقە، رۆژی شەممە جەختی لەسەر کاندیدکردنی ناوبراو کردەوە؛ ئەمەش سەرەڕای دژایەتیی تووندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
 
هەفتەی رابردوو ترەمپ، مالیکی بە "بژاردەیەکی زۆر خراپ" وەسف کرد و هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ عێراق کرد، ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات.
 
عەقیل ردێنی لەو بارەیەوە دەڵێت: "زۆرینەی ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەن مالیکی بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندیی عێراق پێویستی بە گۆڕینی بەربژێر هەبێت، دەبێت چوارچێوە ئەو بڕیارە بدات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ گۆڕینی نەکراوە."
 
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستەکەی ترەمپ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سیاسەتی ئێمە بەرامبەر عێراق ئەوە دەخوازێت کە حکومەتێک هەبێت توانای کارکردنی کاریگەر و رێزگرتنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەبێت."
 
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا هۆشداریی دا لە پشتگوێخستنی هەڕەشەکانی ترەمپ و گوتی: "ئامادەین هەموو ئامرازەکانی بەردەستمان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرۆک بەکاربهێنین و ئەم پەیامەمان بە سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق گەیاندووە."