دوو منداڵ لە بەغدا لەلایەن دایک و باوکیانەوە برسی دەکرێن و لە سەربانى ماڵەکەیان جێدەهێڵرێن
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسى کۆمەڵایەتى لە بەغدا دوو منداڵ لەدەستى دایک و باوکیان رزگاردەکات کە لێیانداون و برسیان کردوون و لە سەربانى خانووەکەیان هێشتوویانەتنەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، رزگارکردنى ئەو دوو منداڵە لە دواى ئەوە بووە، کە پۆلیسى کۆمەڵایەتى ئاگاداکراوەتەوە لەوەی؛ دوو منداڵ لەلایەن دایک و باوکیانەوە تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.
ئەو منداڵانە لەلایەن دایک و باوکیانەوە رووبەڕووى برسیکردن و پشتگوێخستن بوونەتەوە، لە سەربانى ماڵەکەیان دانراون. تیمێکى ژنانى پۆلیسی کۆمەڵایەتى، چوونەتە ماڵەکەیان و رزگاریان کردوون.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند ئەو دوو منداڵە رادەستى بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنى خێزان و منداڵ کران و رێوشوێنى یاسایی بەرامبەر دایک و باوکیان گیراوەتەبەر.
بەگوێرەى یاساى سزادانى عێراقى، سزاى توندووتیژى دژى منداڵ لە عێراق دەگاتە پێنج ساڵ بەندکردن.