دادگەى فیدراڵى؛ خواردنەوە کحولییەکان، گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی نەینەوا تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵى ئەمڕۆ 7 دۆسیە تاوتوێ دەکات، کە تایبەتن بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى نەینەوا، قەدەخەکردنى خواردنەوە کحولییەکان و رێککەوتنێکى حکومەت لەگەڵ کۆمپانیایەکى بیانى. هەروەها ئەو سێ یاسایەی تایبەت بوون بە شیعە، کورد و سوننە. 
 
یەکێک لە دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵی لەبارەى ئەو سکاڵایە دەبێت کە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاى نەینەوا لەدژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا تۆماری کردووە، تێیدا داوا دەکات بڕیارەکانى ژمارە 21 بۆ 40ـی کۆبوونەوەى ژمارە 14ـی ئەنجوومەنى پارێزگا بە "نادەستوورى بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەرانى ناحیە لە سنوورى پارێزگاکە."
 
دوێنێ، 3ـی ئادارى 2025، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دادگەى باڵاى فیدراڵی، سکاڵاکەى بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا ناردووە و داواى وەڵامیان کردووە. ئێمەش هەمان پاساوى دەرکردنى بڕیارەکانمان بۆ ناردوون." 
 
دوو سکاڵای دیکەیان لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارى شیعەوە تۆمارکراون لەدژى سەرۆکوەزیران، وەزیرى گواستنەوە و کۆمپانیاى گشتیی بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان ئەوەش بەهۆى گرێبەستێک لەگەڵ دامەزراوەى پارەدارکردنى نێودەوڵەتى بۆ خزمەتگوزاریی مامەڵە راوێژکارییەکانى کەرتى فڕۆکەوانى. 
 
سکاڵایەکى دیکە لەدژى دانانى رسوومات، قەدەخەکردنى دروستکردن و هاوردەکردنى خواردنەوە کحولییەکانە کە لە هەموارى یاسای داهاتى شارەوانییەکان دیاریکراوە و، لە 20ـی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
لە مادەی 14ـی یاساکە دا هاتووە؛ "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت." 
 
دادگەى فیدراڵى تاوتوێى سکاڵایەکى دیکە دەکات کە محەممەد رومەیسى، ئەندام پەرمانى عێراق لە فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا پێشکێشى کردووە لە دژى کۆبوونەوەى 21ـی کانوونى دووەمى 2025، کە دەنگ لەسەر هەر سێ پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ و هەموارى یاساى بارى کەسى و لێبووردنى گشتى درا. 
 
پێشترلە 11ـی شوباتى ئەمساڵ دادگەى فیدراڵى چەند سکاڵایەکى هاوشێوەى لە دژى ئەو سێ یاسایە رەتکردەوە.