لە عێراق دوو ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە پار، لە عێراق نزیکەی دوو ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بوون، تیکتۆک و سناپ چات و لینکدئین زۆرترین بەکارهێنەریان بۆ زیاد بووە، بەڵام یوتیوب و مەسنجەر بەکارهێنەریان کەمى کردووە.
 
ناوەندى راگەیاندنى ژمێرەیی عێراق راپۆرتێکى لەبارەى بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بۆ ئەم ساڵ بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەى ئامارەکە، 34.3 ملیۆن کەس لە عێراق تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، دەکاتە نزیکەى 74%ى تەواوى دانیشتووانەکەی، کە زیاتر لە 46 ملیۆن کەسە، ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵى 2024 بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 31.95 ملیۆن کەس بوون. بەمەش نزیکەى دوو ملیۆن بەکارهێنەرى زیاد بوون.
 
ژمارەی بەکارهێنەرانى تیکتۆک گەیشتووەتە 34.3 ملیۆن بەکارهێنەر لە کاتێکدا پار 31.95 ملیۆن بەکارهێنەری لە عێراق هەبووە، فەیسبووک لە 19.30 ملیۆن بەکارهێنەرەوە بووەتە 20.1 ملیۆن بەکارهێنەر، بەکارهێنەرانى ئینستاگرام لە 18.25 ملیۆنەوە بوونەتە 19 ملیۆن.
 
بەکارهێنەرانى سناپ چات لە 17.74 ملیۆن کەسەوە لە 2024دا بۆ 18.5 ملیۆن بەکارهێنەر لە ئەم ساڵدا زیادی کردووە، لە کاتێکدا بەکارهێنەرانى تۆڕى ئێکس لە 2.55 ملیۆنەوە بوونەتە 2.65 ملیۆن بەکارهێنەر.
 
ژمارەى بەکارهێنەرى تۆڕى لینکدئین لە عێراق لە 1.90 ملیۆن کەسەوە بوونەتە 2.30 ملیۆن کەس.
 
بەکارهێنەرانی یوتیوب لە 22.80 ملیۆن بەکارهێنەرەوە بۆ 22.3 ملیۆن بەکارهێنەر کەمی کردووە، بەکارهێنەرانى مەسنجەرى فەیسبووکیش لە 15.70 ملیۆنەوە کەم بووەتەوە بۆ 15 ملیۆن بەکارهێنەر.
 
ئەو ناوەندە عێراقییە تایبەتمەندە بە خستنەڕووى ئامارەکانى تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەکنەلۆژیا و پرسە ئەلکیترۆنییەکان لەسەر ئاستى عێراق.