جێگری عەلی لاریجانی پەیوەندی بە قاسم ئەعرەجییەوە دەکات؛ داوای چی لە ئەعرەجی کراوە؟
رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، عەلی باقری، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردووە و تێیدا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە "هەر گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن لە بەزاندنی سنووری نێوان هەردوو وڵات، ئەوەش پشتبەست بەو رێککەوتنە ئەمنییە لەنێوان عێراق و ئێران هەیە."
قاسم ئەعرەجی دەڵێت، "ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە جەختمان کردەوە کە عێراق بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگژەکە و راگرتنی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ سەر رێڕۆی گفتوگۆ، وەک پابەندبوون بە راسپاردەکانی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە."
ئەعرەجی ئاماژە بەوە دەکات، پابەندن بە راسپاردەکانی حکومەتەوە تایبەت "بە پێویستیی پابەندبوونی تەواو بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات و رێگنەدان بە هیچ گرووپێک بۆ دزەکردن یان بەزاندنی سنوورەکانی ئێران یان ئەنجامدانی" هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر ئێران لە خاکی عێراقەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، "ئاماژەمان بەوە کرد کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزی پشتیوانی لە پێشمەرگە رەوانەی سنوور کردووە بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنووری لە لای هەولێرەوە."