فوئاد حوسێن: لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەوە هێرش دەکرێتە سەر عێراق


رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی راستەوخۆ لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران زەرەرمەند دەبێت و لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر.
 
ئەو گوتانەی فوئاد حوسێن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بوو لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا،کە ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئازار دۆخی ناوچەکە، پەرەسەندنە سەربازییەکان و دەرهاویشتە ئەمنى و ئابوورییەکانیان تاوتوێ کردووە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق،لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، فوئاد حوسێن رایگەیاندووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی راستەوخۆ زەرەرمەند دەبێت لە بەردەوامیی ململانێکان و لەلایەن هەردوو بەرەی ململانێکەوە هێرش دەکرێتە سەری، کە وا دەکات لە پێگەیەکی کراوەدا بێت نەک لایەنگری؛ چارەسەریش ئەوەیە، دەستبەجێ شەڕ رابگیرێت، بەڵام ئاماژەکان وا نین، هەنگاوی کرداری و جددی بەرەو ئەو ئاراستەیە هەبێت.
 
لە 28ی شوباتەوە جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردووە، لەم ماوەیەدا هەندێک بنکەی حەشدی شەعبی بۆردومان کراون و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیش چەند پێگەیەکی هەرێمی کوردستانیان بۆردومان کردووە.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەکان و چڕبوونەوەی هێرشەکان بووەتە سیمای رۆژانەی ململانێکە و بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان وایکرد، پشێوی لە جووڵەی دەریاوانى ناوچەکە دروست بێت.
 
فوئاد حوسێن رایگەیاند، عێراق رووبەڕووی تەنگژەی زیاتر دەبێتەوە لە هەناردەکردنی نەوتەکەی و چەند وڵاتێکی ناوچەکە هەمان دۆخیان هەیە، ئەوەش پێشهاتێکی مەترسیدار دەبێت لەسەر بازاڕی وزە.
 
جەنگی نێوان هەردوو بەرەکە وایکردووە جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە کەنداو پەکى بکەوێت کە زیاتر لە 20% نەوتی جیهانی لێوە هەناردە دەکرێت.