وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو: کارەبای هەموو عێراق کوژایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سیستمی کارەبای نیشتمانی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە شێوەیەکی کتوپڕ لەکارکەوت و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبایش دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هۆکاری کوژانەوەی سەرتاسەریی کارەبا نازانین."
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە تەواوی عێراق سیستمی کارەبای نیشتمانی کوژایەوە، تاوەکو ئێستا خۆمان نازانین هۆکارە سەرەکییەکەی چییە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو "کوژانەوە گشتییە" دەستیپێکردووە و گوتی: "لە بوونی هەر زانیارییەکی نوێ و دەرکەوتنی هۆکارەکان، رای گشتی و هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە."
ئەحمەد مووسا، گوتیشی، "دەستکراوە بە دەستپێکردنەوەی کاری وێستگە و هێڵە جیاکراوەکان "
بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 17 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاواتە.
دوایینجار لە 11-8-2025 بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکی کارەبای عێراق لە سەرتاسەری وڵات کوژایەوە.