بەرپرسە ئەمنییەکانی عێراق دەچنە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.
ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق لە 7ی ئاداری 2026 دەکرێت. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکە "بە ئامادەبوونی فەرماندە ئەمنییەکان، گفتوگۆ لەبارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە دەکرێت".
چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: فەرماندەکانی سوپا، پاسەوانی سنوور و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئامادەی ئەو دانیشتنە دەبن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عێراق بەهۆی ئەو جەنگەی کە هەیە، هەروەها تاوتوێی ئامادەکارییە ئەمنییەکان و دۆخی عێراق دەکرێت."
لە 28ی شوباتەوە جەنگ لە نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە. لە ماوەی پێنج رۆژی ئەو جەنگەدا، چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە عێراق بۆردومان کراون و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مووشەک و درۆن چەند پێگەیەکیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.