هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەشێوەیەکی "سنووردار" دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی بڕی بەرهەمهێنراو، بۆرییەکە لە 24 کاژێردا تەنیا دوو کاژێر کار دەکات.
 
ئەو سەرچاوە باڵایەی وەزارەتی نەوتی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ هەناردەکردن تەنیا 40 هەزار بەرمیلە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی نەوت کارەکانیان راگرتووە."
 
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، بەوپێیەی بڕی 40 هەزار بەرمیل بۆ هەناردەکردنی بەردەوام "زۆر کەمە"، بۆیە ناتوانرێت بۆرییەکە بە درێژایی رۆژ بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە، هەر بۆیەش لە 24 کاژێردا بە نزیکەیی تەنیا 2 کاژێر نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانە دەکرێت و کاتەکانی دیکە هەناردەکردنەکە رادەگیرێت.
 
رۆژی سێشەممە دوو سەرچاوەی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداویان راگەیاندبوو، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە دوێنێوە بەتەواوی راگیراوە.
 
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوتبوو، "بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە دراوە."
 
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ناتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە کارەکانیان رادەگرن.
 
رۆژی 24ی شوباتی 2026 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە گەیشتووەتە 210 هەزار دینار.