وەزارەتی کارەبای عێراق هۆکاری کوژانەوەی سەرتاسەریی کارەبا ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، کوژانەوەی کتوپڕی کارەبا لە تەواوی وڵات بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە وێستگەی رومەیلە بووە لە پارێزگای بەسرا و دەڵێت: "بەهۆی کێشەکەوە 3000 مێگاوات کارەبا لە سیستمەکە دابڕاوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری "کوژانەوەی گشتی" (Total Blackout)ـی سیستمی کارەبای روونکردەوە؛ وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، کێشەکە بەهۆی کەمبوونەوەی کتوپڕی دابینکردنی گاز بووە بۆ وێستگەی رومەیلەی گازی لە پارێزگای بەسرا.
 
وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کردووە، بە رێنمایی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت (وەزیری کارەبا بە وەکالەت)، تیمە تەکنیکییەکان و بریکارانی وەزارەت و راوێژکاری سەرۆکوەزیران لە مەیدانن. ئێستاش فەرمانگەی کارپێکردن و کۆنترۆڵی نیشتمانی سەرقاڵی گەڕانەوەی یەکەکان و وێستگە دابڕاوەکانن بۆ ناو سیستمەکە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا داوا لە ئاژانسەکانی هەواڵ و هاووڵاتییان دەکات نەکەونە داوی دەنگۆکان و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، هەروەها جەخت لە وردبینی دەکاتەوە لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێکی پەیوەست بەو پرسە.