بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە لە شەش پارێزگای عێراق پشوو راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە پارێزگاکانی عێراق بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە دەوامی فەرمیی زانکۆ و قوتابخانەکان و لە هەندێکیان دەوامی سەرجەم فەرمانگەکانیان بۆ رۆژی پێنجشەممە راگرت.
 
پارێزگاکانی زیقار، دیالە، نەینەوا، بابل، بەسرە و سەلاحەدین لە راگەیێندراوەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، بڕیارەکە بەهۆی "دۆخی ئەمنی" و بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی رۆژی پێنجشەممە 5ی ئاداریان کردووە بە پشوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای زیقار، عیزەت عۆدە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڕیاریداوە "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشووی فەرمی بێت" و داوای لە هاووڵاتیان کردووە پابەندی رێنماییەکان بن.
 
هاوکات لە پارێزگای دیالە، عەدنان محەممەد عەباس، پارێزگاری دیالە رۆژی پێنجشەممەی لە باخچەی ساوایان، قوتابخانەکان و زانکۆکان کردە پشوو.
 
لە راگەیێندراوێکیشدا عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووی فەرمی بێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆی تەکنیکیی باکوور لە کەرکووک رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لە زانکۆکەیان پشوو دەبێت.
 
پێشتریش ئەنجوومەنی پارێزگای بابل رایگەیاندبوو، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 4 و 5ی ئادار تەنیا لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و قوتابخانەکان دەکرێتە پشوو.
 
پەروەردەی بەسرەش لەسەر راسپاردەی پارێزگار، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکە کردە پشوو.
 
هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بڕیاریدا لە رۆژی دووشەممەوە (2ی ئادار) بۆ ماوەی سێ رۆژ دەوامی قوتابخانەکانی پارێزگاکە رابگرێت.