مقاوەمەی ئیسلامی: درۆنێکی MQ9ـی ئەمریکیمان لە ئاسمانی سەلاحەدین خستەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتی خۆیان لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای ئەمریکا لە پارێزگای سەلاحەدین راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری (MQ9)ی سەر بە هێزەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و خستوویانەتە خوارەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە لە ئاسمانی پارێزگای سەلاحەدین ئەنجامدراوە و فڕۆکەکە بە "چەکی گونجاو" پێکراوە.
مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاندووە: "ئەمە لە چوارچێوەی بەرگریکردنە لە سەروەریی وڵات و ئاسمانی عێراق کە لەلایەن فڕۆکەی هێزە داگیرکەرەکانەوە بەزێنراوە".
MQ9 Reaper یەکێکە لە پێشکەوتووترین فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای ئەمریکا کە بۆ بۆردوومان و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بەکاردێت.
تاوەکو ئێستا سوپای ئەمریکا و سێنتکۆم هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بڵاونەکردووەتەوە.