بنکەی ڤیکتۆریا لە بەغدا بۆردوومانکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە بنکەی ڤیکتۆریای تایبەت بە هێزەکانی ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایە ئامانج.
 
میدیاکانی گرووپە چەکدارەکان و نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاویانکردەوە، بۆ دووەمینجار بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، بنکەی ڤیکتۆریای هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە دۆرن کرایە ئامانج.
 
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە دووکەڵ لە شوێنە بۆردوومانکراوەکە بەرز دەبێتەوە. 
 
ئەو پەرەسەندنە ئەمنییانە دوای ئەوە دێن، کە رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئێران. دواتر ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. 
 
هاوکات گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە نزیکن لە ئێران، پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران دەربڕی، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە بنکەی ڤیکتۆریا بە درۆن دەکرێتە ئامانج.
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، گرووپی "سەرایا ئەولیا لدەم" کە بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی شەرعی و وەک تۆڵەیەک بۆ خوێنی ئیمام سەید عەلی حوسەینی خامنەیی و بۆ پاڵپشتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەنگاوەرەکانمان هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەو گرووپە، هێرشەکە بە "رەوەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" کراوە و ئامانجەکەی بنکەی ڤیکتۆریا بووە، کە دەکەوێتە نێو سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا. 
 
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" بەرپرسیارێتی زۆربەی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکیانەش لە ئەستۆ دەگرێت، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.