نووسینگەکەی: ئەعرەجی لەگەڵ عێراقچی جەختیان لە پاراستنی سنوورەکان کردەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان بۆ پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026 بڵاو کرایەوە، قاسم ئەعرەجی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچییەوە پێگەیشت و تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا جەختیان کردوەتەوە "لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردن ."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، قاسم ئەعرەجی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە رێگەی دیالۆگ و رێکارە دیپلۆماسییەکانەوە دووپات کردەوە.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "بەغدا دژی هەر جۆرە پەرەسەندنێکی سەربازی یان فراوانبوونی بازنەی ململانێکانە لە ناوچەکەدا، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی گشتی و دوورخستنەوەی وڵاتان لە وێرانکارییەکانی جەنگ".