عێراق پێویستى بە هەشت هەزار قوتابخانەیە

رووداو دیجیتاڵ 

لە قوتابخانەیەکى سنوورى پارێزگاى دیالە هێشتا زەنگێكى کۆنی ژەنگاوى بۆ چوونە ژوورەوەى قوتابیان لێدەدرێت.
 
قوتابخانەى سەرەتایی تەفەووق لە ناحیەى خان بەنى سەعدە یەکێکە لەو قوتابخانەى پۆلەکانى بچووک و سەقفەکەى دارەڕایە.
 
عودەى عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى قوتابخانەى سەرەتایی تەفەووق دەڵێت: "ئەگەر باران ببارێت، دەوام رادەگیرێت، لەبەر ئەوەى دەبێتە قوڕو چڵپاو، سەقفى قوتابخانەکەش لە قەدى خورما و ئاسنە و نایلۆنی بەسەردا دراوە، کە باران دەبارێت دڵۆپ دەکات بەسەر قوتابیەکاندا، دەترسین سەقفەکە بروخێت. "
 
قوتابخانەکە لەنێو کێڵگەیەک دایە، 200 قوتابییەکەى بەسەر حەوت پۆلدا دابەشکراون.
 
ئەحمەد لەتیف، مامۆستاى قوتابخانەى تەفەوق گوتى: "پۆلەکان ئەوەندەى نەماوە بڕووخێن، دووپشک و مارى تێدایە، قوتابخانەکە لەنێو کێڵگەدایە، تەنانەت بۆ بەخێوکردنى مریشکیش ناشێت."  
 
لە سەرمادا هۆکارى گەرمکردنەوە و لە وەرزى گەرماشدا هۆکارى فێنککەرەوە لە زۆربەى قوتابخانەکانى عێراق نین و هێشتا قوتابخانەى گڵی و کەرەڤانەیی لە عێراق ماون.
 
کەریم سەید، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق دەڵێت: "دۆخى پێشوو وایکردووە کێشەى کەڵەکەبوومان هەبێت، بەتایبەت ئەوەى پەیوەندارە بە ژێرخانەوە کە ئێستا بە نزیکەیی پێویستمان بە دروستکردنى هەشت هەزار قوتابخانە هەیە."
 
کەرتى پەروەردەى عێراق چاوەڕێى تەواوبوونى هەشت هەزار قوتابخانەیە کە بەگوێرەى گرێبەستێک لەگەڵ چین بەرامبەر بە نەوت لە 15 پارێزگاى عێراق دروست دەکرێن، ئێستا هەزار قوتابخانەیان لە قۆناخى دروستکردندان.