دوای هێرشەکەی ئەمڕۆ؛ هاتووچۆ لە دەروازەی شەلامچە ئاسایی بووەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی شەلامچە ئاسایی بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشێکەوە بۆ ماوەیەکی کاتی داخرابوو.
فەریق عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "جووڵەی گەشتیاران لەو دەروازەیە دەستیپێکردووەتەوە و رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە."
ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر هۆڵی گەشتیاران لە دەروازەی شەلامچە، هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری بە تەواوی راگیرا.
لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، گەشتیارێکی عێراقی کوژرا و پێنج گەشتیاری دیکەش بریندار بوون، دواتر بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناو خاکی ئێران.
بۆردوومانی دەروازەکە لەکاتێکدا بوو، کاروانێکی کۆمەک و هاوکارییەکانی پەیڕەوانی شیعە مەزهەب بۆ ئێران بەڕێوەبوو.
دەروازەی شەلامچە کە دەکەوێتە پارێزگای بەسرە، یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار هاتووچۆ دەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تێدا دەکرێت.