جێگری پارێزگاری بەسرە بۆ رووداو: جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی شەلامچەوە راگیرا
رووداو دیجیتاڵ
جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی شەلامچە لەنێوان عێراق و ئێران راگیرا و جێگری پارێزگای بەسرە دەڵێ، هۆکارەکە بۆردوومانە.
ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026، نزیک دەروازەی شەلامچەی نێوان عێراق و ئێران لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆردوومان کرا.
ماهر عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی دیوی ئێرانی دەروازەی سنووریی شەلامچە "جموجووڵی بازرگانی و هاتن و چوون لە دەروازەکە بەشێوەیەکی کاتی راگیرا".
جێگری پارێزگاری بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا گەشتیارێکی عێراقی کوژراوە و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون".
بۆردوومانی دەروازەکە لەکاتێکدا بوو، کاروانێکی کۆمەک و هاوکارییەکانی پەیڕەوانی شیعە مەزهەب بۆ ئێران لە رێگە دابوو.
هەرچەندە لە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرێ کە کاروانێکی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج، بەڵام جێگری پارێزگاری بەسرە هەواڵەکەی رەتکردەوە و گوتی: "راست نییە، ئەمانە گەشتیاری عێراقین و کراونەتە ئامانج".
دەروازەی سنووری شەلامچە یەکێکە لە گرنگترین و چالاکترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران.