سوودانی خانوو و پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەبەخشێتە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
وەک رێزلێنانێک بۆ دەستکەوتی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق و گەیشتنی بە مۆندیالی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری تایبەت بە خەڵاتکردنی یاریزانان و ستافی تەکنیکی و کارگێڕی دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە، 4ـی نیسانی 2026، سوودانی بڕیاری دا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم رێکارانە پەسند بکرێن:
خانووی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتی دیپلۆماسی
هەموو یاریزانان و ئەندامانی ستافی راهێنەران و کارگێڕی، خانوویەکیان بە دیزاینێکی تایبەت لە کۆمەڵگەی (رافیل) لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێدەدرێت، کە بڕیارە لە سبەیەوە رێکارەکانی دەستپێبکەن، جگە لەوەش، پاسپۆرتی دیپلۆماسییان پێدەدرێ.
بۆ ئەوەی ئەم سەرکەوتنە لە یادەوەری نیشتمانیدا بمێنێتەوە، مۆرکێکی پۆستەی تایبەت بەو بۆنەیەوە دەردەچێت؛ هەروەها لە کۆرنیشی ئەبو نواس لە بەغدا، دیواربەندێکی گەورە (پانۆراما) یان مۆنیۆمێنتێکی یادگاری دروست دەکرێ کە ناوی سەرجەم یاریزانەکان و مێژووی دەستکەوتەکەی لەسەر تۆماردەکرێ.
شەقام بەناوی شێرانی رافیدەین دەکرێ
حکومەت بڕیاری دا ناوی "شەقامی شێرانی رافیدەین" لە شەقامێکی سەرەکی بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق بنرێ. هاوکات، مۆزەخانە یان شوێنێکی تایبەت بەو دەستکەوتە لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێ، شاری وەرزشی و بەشێکی کۆشکی حکومەت دەکرێتەوە کە تێیدا درێس و وێنە و ناوی یاریزانەکان نمایش دەکرێن.
لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، بڕیاردرا خولی دەرچوونی ئەم ساڵی هەموو زانکۆ و پەیمانگە حکومی و ئەهلییەکان بە ناوی "خولی شێرانی رافیدەین" بێت.
گۆرانییەکی نیشتمانیی تایبەت بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەندی ناسراو بەرهەم دەهێنرێ کە رەنگدانەوەی ئەم سەرکەوتنە بێت.
1ی نیسان، لە دوایین یاریی پاشکۆی کۆتایی جامی جیهانیی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بۆلیڤیا لە مەکسیک رووبەڕووی یەک بوونەوە و عێراق یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
بەو بردنەوەیەش هەڵبژاردەی عێراق توانی بۆ دووەم جار لە مێژوویدا بگاتە جامی جیهان.